لە چەمچەماڵ و شارباژێر

دوو ئۆتۆمبێل داری تەڕیان بڕی؛ فریای خۆگەرمکردنەوە نەکەوتن و دەستگیرکران

شۆڕش قادری

لە سنووری چەمچەماڵ و شارباژێر سی کەس بە تۆمەتی داربڕین و بە دوو ئۆتۆمبێل داری تەڕەوە دەستگیر کران.

ئەگەرچی وەرزی سەرمایە و دابینکردن و کڕینی نەوتیش بۆ بەشێک لە هاوڵاتیان زەحمەتە، بەڵام ئەوە نابێتە پاساو بۆ کۆمەڵێک هەلپەرست کە ژینگە و دارستانەکانی کوردستان لەناوببەن، بۆیە پۆلیسی دارستان و ژینگە بەردەوام لە ئەرکدان و سزای ئەو کەسانە دەدەن کە بە نایاسایی داری تەڕ دەبڕن.

“لە ئەنجامى گەڕان و پشکنینى سنورەکەیان، مەفرەزەکانى بنکەى پۆلیسى دارستانى ئاغجەلەر سەر بەبەشى چەمچەماڵ، توانیان لە سنورى گوندى کانى بى، دوو کەس دەستگیربکەن کە سەرقاڵى داربڕین بوون”، هێمن کەمەرخان وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی وای بە 964 وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە، دەستبەسەر یەک ئۆتۆمبێل دارى تەڕ و ماتۆڕێکی داربڕین و یەک تەوراسدا گیراوە.

“هاوکات لە شارباژێرێش، لە سنورى زەلان، گوندى مێشولان، ئاسایشی چوارتا دەستیگرتووە بەسەر پیکابێک کە پڕبووە لە دارى بڕدراو و مشارێکی داربڕینیشی تێدابووە، داربڕەکەش دەستگیرکراوە”، هێمن کەمەرخان وای وت.

ئەوەشی خستەڕوو، پەڕوای لێکۆڵینەوە بۆ ئەو سێ کەسە کراوەتەوە و رادەستی دادوەر کراون بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی.