لهمهودوا 75%ی دهستی كاری پرۆژهكان دهبێت خهڵكی ههرێم بن
بهپێی بڕیارێكی حكومهتی ههرێم
میدیازان – هاوبەش محەمەد – سلێمانی
لەمەودوا دەبێت پڕۆژەکانی بازاڕ و کەرتی تایبەت و پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت ئەولەوییەتیان بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان بێت و لانی کەم ٧٥٪ی دەستی کار لە پڕۆژەکاندا بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێم بن.
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بریارێک لەبارەی مسۆگەرکردنی مافی کار بۆ ھاوڵاتیان دەردەکات و جەختدەکاتەوە، نابێت خاوەنکار لە پیشە و پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و پڕۆژە ھاوبەشەکانی نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت ھیچ کەسێکی بیانی بخاتە کار ئەگەر رەزامەندی کارکردنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتی بەدەست نەھێنابێت، بەپێچەوانەوە رێکاری یاسایی لەبەرمبەر دەگیرێتەبەر.
لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ھاتووە، نابێت بیانی لە ھیچ حاڵەتێکدا لە رێژەی ٢٥٪ ھێزی دەستی کاری پیشە و پڕۆژەکان تێپەڕ بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە لەسەر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕگەکانی بڕیارەکە دەربکات بە ھەماھەنگی وەزارت و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت بەپێی تایبەتمەندی.
لە بەشێکی بڕیارەکەدا هاتووە، ئەو پسپۆر و شارەزا بیانییانەی بە رەزامەندیی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی لە پیشە و پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت و پڕۆژە هاوبەشەکان کار دەکەن، دەبێت راهێنان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ پەرەپێدانی توانای پیشەییان.
پێشتر رێکخراوی ڕۆشنبیریی و داکۆکی لە مافی کرێکارنی بیانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نزیکەی ٣٢ هەزار کرێکاری بیانیی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئەمەش لەچاو ساڵانی رابردوو ژمارەکە ڕووی لە زیاد بوون کردووە.