بەمیوانداری لە گوندێکی کۆیە بوون
منداڵێک کە گومان دەکرێ خنکابێ تائێستا بێ سۆراغە
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
لە دوێنێ پێنجشەممەوە، باوک و باپیر و کەسوکاری، بە دوای سۆراغ و چارەنووسی شیاو شاهین-ی تەمەن 10 ساڵ دەگەڕێن کە بە میوانداری چوونەتە گوندێکی کۆیە و گومان دەکرێ لە زێی بچووک خنکابێ.
تیمەی غەواس تا شەو توانیوویانە لە زێی بچووک و لە گوندێ کڵێسە بگەڕێن، ئەم بەیانییە تیم لە گۆپتەپەوە چوونەتە ناوچەکە.
شەلال ئیسماعیل، باپیری منداڵەکەیە بە 964ی وت، دوێنێ بەمەبەستی گەشت و سەیران روویانکردووەتە سنووری قەزای کۆیە لە گوندی کڵێسە بۆ ماڵی باپیری، بەڵام کاتێک زانییاویانە منداڵەکە کەوتووەتە ناو زێی بچوک و بەفریای نەکەوتوون رزگاری بکەن.
وتیشی، زیاتر لە پێنج تیم بەشدارن، دوو تیم یان خۆبەخشانە لەگەڵمانن بەبەردەوامی، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرەداوێکیان دەست نەکەوتووە لەسەر روداوەکە. گوندی کڵێسە، زێی بچووک بە تەنیشتیدا تێپەڕدەبێت، 41 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزای کۆیەوە دوورە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا