گەنجان دابەزینی زێڕ دەقۆزنەوە و هاوسەرگیری دەکەن

بازاڕێکی زێڕفرۆشان – Social Media

میدیازان – هێڤی خالید – سلێمانی‌ هه‌لێر

تا دێت بەهای زێڕ لە بازاڕی جیهانی روو لە دابەزینە، لە شەش مانگی رابردوودا میسقالێک زێڕ زیاتر لە ٦٠ هەزار دابەزیوەو خواستی‌ كڕیاران له‌كوردستان زیاد بووه‌.

بەپێی بەدواداچوونێکی پەیامنێرانی میدیازان لەهەولێرو سلێمانی بۆ ناو بازاڕی زێڕینگران، دەرکەوت دابەزینی نرخی زێڕ، خواستی لای کڕیاران زیاد کردووە.

سەلام عومەر، زێڕینگرە لەسلێمانی دەڵێ، لە دوومانگی رابردوودا نرخی هەر میسقاڵێک زێڕ، چل بۆ پەنجا هەزار دینار دابەزیووە.

وتی” ئەمەش وایکردووە خواست لەسەر کڕین زیاتر بێت بەراورد بە فرۆشتنی”.

کڕیارێکی زێڕ لەبازاڕی زێڕینگرانی سلێمانی دەڵێ، کڕینی زێڕ وەک موڵک وایە دەتوانی وەک خەزێنەیەک هەرکاتێک بتەوێت بەکاری بێنیتەوە.

له‌لای‌ خۆیەوە جاسم بەزاز، خاوەنی زێڕینگری دۆلفین لەبازاڕی قەیسەری زێڕینگرانی هەولێر بە میدیازانی وت، لەشەش مانگی رابردوودا میسقالێک زێڕ تا ٦٥ هەزار دابەزیوە.

روونی کردەوە، سەرەتای ئەمساڵ نرخی میسقاڵێک زێڕ، ٤٢٠ هەزار دینار بوو، وتی “سێ رۆژ پێش ئێستا نرخەکەی ٣٥٠ هەزار بوو، بەڵام ئەمڕۆ ٣٦٥ هەزارە”.

زیاتر وتی “کڕیاری زێڕ لە ئێستادا زیاتر ئەو گەنجانەن کە نیازی هاوسەرگیرییان هەیە، ئەو دابەزینە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوان و خەرجییەکی زۆریشیان بۆ دەگەڕێنێتەوە”.