حەدم نییە بە خەڵک بڵێم لە کوێ بژین

هەڤاڵ ئەبوبەکر: من پاسەوانی خەڵکم نەک خەڵک پاسەوانم بێت

964+

دیلان محەمەد -سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ لە ماڵ نەچووە دەرەوە، چونکە دەڵێت ئەگەر ئێمە پابەند نەبین بە قەدەغەی هاتوچۆوە، خەڵکیش پابەند نابێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 20.11.2025 ماڵەکەی جێنەهێشت، کاتێک پەیامنێری 964 لێی پرسی خێرە هەر لە ماڵەوە ماویتەوە، وتی ”ئێمە کە خۆمان پابەندبووین هەموو کەس پابەند دەبێت، ئەرکی ئێمە ئەوەی لە ماڵەوە بمێنیەوە”.
کاتێکیش پرسیاری ماڵەکەی لێکرا، وتی ئەمە ماڵی جەنابی باوکمە، من خۆم لە گەڕەکێکی میللی دەژیم بۆ ئەوەی لە خەڵک دوور نەبم و خۆپەرست نەبم، بەڵام حەدم نییە بە خەڵک بڵێم لە کوێ بژین”، دەشڵێت ”ئێمە کارەبامان ناکوژێتەوە، لەبەر ئەوەی سۆلەرمان داناوە، هانی خەڵک دەدەم سۆلەر بەکار بهێنن”.
هەڤاڵ ئەبوبەکر پێش ئەوەی ببێت بە پارێزگاریش هەر لەو ماڵەدا دەژیاو ئێستاش هەر لەوێیە دەڵێت ”خۆم و خێزانەکەم و منداڵەکان و دایکم و کچێکمان کە هاوسەرگیری کردووە لێرە دەژین”.
کە پەیامنێری 964 لێی پرسی ئەی پاسەوانت نییە، وتی ”من پاسەوانی خەڵکم نەک خەڵک پاسەوانم بێت”.