پاڵاوتنەكانی مۆندیالی 2026

ئەمڕۆ هەڵبژاردەی عێراق ئەركی ئاسان نییە

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە گەڕی شەشەمی پاڵاوتنەكانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، ئەمڕۆ ئێوارە هەڵبژاردەی عێراق رووبەڕووی هەڵبژاردەی عومان دەبێتەوە.

یارییەكە كاتژمێر 07:00 لە یاریگەی سوڵتان قابوس لە مەسقەت دەكرێت و لە ركابەرییەكانی كۆمەڵەی دووەمە.

خیسیۆس كاساسی ئیسپانی، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی دوێنێی پێش یارییەكە، دانی بەوەدانا یارییەكە بۆ عێراق قورسە و هەردوو تیپ یەكتر باش دەناسن، بە تایبەتی كە لە دوو ساڵی رابردوودا بە لای كەم سێ یارییان بەیەكەوە كردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژەی بەوەدا بۆ بردنەوە یاریی دەكەن و هەموو توانایان دەخەنەگەڕ.

لە كۆمەڵەی دووەمدا كۆریای باشوور بە 13 خاڵ لە پلەی یەكەمە، ئوردن و عێراق هەریەكەی 8 خاڵیان هەیە و ئوردن لە پلەی دووەمە بە جیاوازی گۆڵ و عێراق سێیەمە، هەڵبژاردەی عومانیش بە 6 خاڵ لە پلەی چوارەمە.

لە یاریی چووندا كە لە بەسڕە كرا، عێراق بە 1-0 گۆڵ لە عومانی بردەوە، بەڵام ئەمڕۆ لە ناو یاریگەی تیپی بەرامبەر یاریی دەكات.

شەقامی وەرزشی لە عێراق و میدیا و بەرپرسانی تۆپی پێی عێراقیش لە ئەنجامەكانی تیپەكە رازیی نین و ئەمڕۆ داوای بردنەوە دەكەن، بە تایبەتی دوای ئەوەی یاریی رابردوو نەیتوانی لە بەسڕە لە ئوردن بباتەوە.

عێراقییەكان چاوەڕێن تیپەكەیان راستەوخۆ بۆ مۆندیالی 2026 سەركەوێت و یەكێك لە دوو پلەی یەكەمی كۆمەڵەكە بەدەست بهێنێت.

عێراق دوای ئەو یارییەی ئەمڕۆ، چوار یاریی دیكەی لە پاڵاوتن دەمێنێت، كە دوو یارییان بەرامبەر كوێت و كۆریای باشوورە لە ناو یاریگەی خۆی، دوو یارییەكەی دیكەی بەرامبەر ئوردن و فەڵەستینە و هەردوو یاری لە ئوردن بەڕێوەدەچن.

ئامارەكانی نێوان هەردوو هەڵبژاردە

عێراق و عومان 30 یارییان بەیەكەوە كردووە، 14 بردنەوە بۆ عێراق و 6 بردنەوە بۆ عومان، 10 یارییش بە یەكسانی تەواو بووە.

یەكەم یاریی نێوانیان لە 1970 كراوە و گەورەترین بردنەوەی عێراق بەسەر عومان بە 7-0 گۆڵ بووە، گەورەترین بردنەوەی عومانیش بەسەر عێراق بە 4-0 گۆڵ بووە لە ساڵی 2009.