لە مریشکدا خەممان نییە
بەرهەمی مریشک ٢٥٥ هەزار تۆنی زیادە لە پێویستی هەرێم
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
ئەگەرچی بەرهەمی مریشک بە شێوەی ساڵانە لە هەرێمی کوردستان ٢٥٥ هەزار تۆنی زیاترە لە پێداویستی ناوخۆ، بەڵام نرخەکەی هەمیشە لە هەڵبەز و دابەزدایە.
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان دەڵێت، پێداویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە شێوەی ساڵانە ١٤٥ هەزار تۆن مریشکە، بەڵام بەرهەمیان ٤٠٠ هەزار تۆنە.
ئەوە یانی ٢٥٥ هەزار تۆن زیاترە لە پێداویستی ناوخۆ، بەڵام نرخی مریشک ماوە ماوە دەگۆڕێت.
میدیازان دەزانێت، نرخی گۆشتی مریشک بۆ ئەمڕۆ شەممە بریتییە لە دوو هەزار و ٨٠٠ دینار، پرسیاری لە نازم جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان کرد، ئایا سبەینێ چەند دەبێت، ئەو وتی “نازانم”.
نازم جاف گلەیی لە حکومەت زۆر بوو، “چەندین جار داوامان کردووە نرخ بۆ مریشک دابنێت، کۆنترۆڵی بازاڕی ئالیک بکات، هاوکارمان بێت بە رێکوپێکی زیادەکەی بنێرینە دەرەوەی هەرێمی کوردستان”.
میدیازان سۆراغی کرد، جیاوازی هەبوو لە نرخی ئالیکی مریشک لە شارەکانی هەرێم، یەک تۆن ئالیک لە هەولێر بە ٥٥٠ دۆلارە (نزیکەی ٨٠٨ هەزار دینار)، بەڵام لە سلێمانی ٦٣٠ دۆلارە (٩٢٦ هەزار دینار).
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان هۆکاری هەڵبەز و دابەزی نرخی مریشکی بۆ گرانی ئالیک و پێداویستییەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی گەڕاندەوە، بەڵام جەختیکردەوە “حکومەت دەتوانێت چارەسەری بکات ئەگەر بیەوێت”.
لە ئێستادا بەرهەمی مریشکی کێڵگە پەلەوەرییەکان رەوانەی ناوچەکانی خوارووی عێراق دەکرێت، بەڵام سەربەخۆ لەلایەن کێڵگەکانەوەیە و حکومەت سەرپەرشتی هەناردنەکە ناکات.