لە رووداوێکی هاتوچۆدا ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکوک گیانی لە دەستدا
سێیەم حاڵەتی گیانلەدەستدانە لەمڕۆدا
ئەفسەرێکی باڵای پۆلیسی کەرکوک بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە رووداوێکی هاتوچۆی دیکەدا لە نزیک گوندی حەساری گەورە، ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکوک گیانی لەدەست دا.
درەنگانێکی ئەمشەو یەکشەممە 17.11.2024 بەڕێوەبەری پێشووی پاراستنی دامودەزگا حکومییەکانی کەرکوک و بنکەی پۆلیسی ناحیەی شوان، عەمید محەمەد سەعید ناسراو بە محەمەد گورگانی بە رووداوێکی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا.
عەدنان عەلی ئێشکگر لە نەخۆشخانەی ئازادی بە 964ـی وت، “ئەو ئەفسەرە لە نزیک گوندی حەساری گەورە ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و بە سەختی بریندار بووە، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە”.
عەمید محەمەد سەعید ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکوک بوو، پێشتر بەڕێوەبەری چەند بنکەیەکی پۆلیس بووە و بۆ چەند ساڵێکیش بەڕێوەبەری پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا حکومییەکان بوو، دوایین پۆستیشی ئەندامی لیژنەی چاودێری و بەدواداچونی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکوک بوو.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ رۆژی جیهانیی قوربانیانی هاتوچۆ بوو و لە سێ رووداوی هاتوچۆی دیکەدا لە سنووری هەولێر و چەمچەماڵ، دوو کەسی تر گیانیان لەدەست دا و 10 کەسی دیکەش برینداربوون.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری