ئەمشەو گردبوونەوە
هاوڵاتیانی چەند گەڕەكێكی سلێمانی داوای لابردنی مەیدانی ئاژەڵان دەكەن
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
هاوڵاتیانی چەند گەڕەكێكی سلێمانی، ئەمشەو هاتنە سەرشەقام و گردبوونەوە، ئەوان داوای لابردنی مەیدانی ئاژەڵان دەكەن، كە كەوتووەتە نزیك گەڕەكەكانیان و دەڵێن، بەهۆی بۆنی پیسەوە ژیانیان نەماوە.
پەیامنێری 964 خۆی گەیاندە گردبوونەوەی هاوڵاتییەكان، كە لە گەڕەكەكانی شاری ئەوین، قەرەتۆغان، شێخ عەباس، شوقەكانی گوڵی شار، شوقەكانی یەكگرتوو و بەشێك لە گەڕەكی زێڕینۆكەوە هاتبوون.
محەمەد عەبدوڵا نوێنەری گەڕەكی شاری ئەوین بە 964ی وت، داواكارین مەیدانی ئاژەڵان لەو شوێنەی ئێستای لاببرێت، چونكە بۆنێكی زۆرپیس لە ناوچەكەیان دێت و هەستی بۆنكردنیان نەماوە.
وتیشی، “با حكومەت زەوی بۆ ئەو كاسبكارانە دابین بكات كە لە مەیدانەكە كار دەكەن و ئێمە نابینە بەرداشی نێوان كۆمپانیای پرۆژەی نیشتەجێكردن و كاسبكارانی مەیدانەكە”.
هەروەها وتی، نامانەوێت رێگا بگرین و كێشە دروست بێت، بەڵام چیتر ئەو بارودۆخە قبوڵ ناكەین و داواكارین ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا