لە سنووری خورماتوو
بەهۆی بۆمبێکی چێندراوەوە دوو بەرپرسی پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
کەمێک پێش ئێستا لەناوچەی غەڕەی سنوری رۆژهەڵاتی خورماتوو، لەکاتی کێوماڵی ناوچەکەدا بۆمبێکی چێندراو بەهەمەڕێکی سەربازیدا تەقیەوە و دوو فەرماندە گیانیان لەدەستدا و پاسەوانێکیش بەسەختی بریندارە.
حمە چەوری، فەرماندەی لیوای 731ـی هێزەکانی پێشمەرگە لەسنوری خورماتوو بە 964ـی وت، نازانرێت ئەو بۆمبەی تەقیوەتەوە کۆنە یاخود نوێیە و ئەو ھێزەش بەمەبەستی کێوماڵکردن چوونەتە جێگەکە و بەھۆی تەقینەوەی بۆمبە چێنراوەکەوە فەرماندەی فەوجی لیوای ھاوبەش و عەقیدێک دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و پاسەوانێکیش بەسەختی برینداربووەو سەرجەمیان راوانەی نەخۆشخانەی گشتی خورماتوو کراون.
لیوای ھاوبەش ماوەیەکە لە سنووری خورماتوو بەمەبەستی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان ھاتوونەتە سنورەکە و کێوماڵەکەش بۆ پاراستنی ناوچەکە بووە.
زانیاری نوێ لەسەر ئەم هەواڵە:
یەکێکی دیکە لەبریندارەکان گیانی لەدەستداوە و چوار برینداری تریش گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی خورماتوو.
پێداچوونەوە: توانا نەقی