هاڵۆوین لە سلێمانی قەدەغەیە و لە هەولێر ئاساییە
میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی
پەروەردەی سلێمانی بڕیاریداوە رێگە بە مەراسیمەکانی هاڵۆوین نەدات لەناو قوتابخانەکان، وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت، ئەوان بڕیاری لەو جۆرەیان نییە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بڕیارەکەی بۆ پەروەردەی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی شارەکە ناردووە.
بەناز رەمەزان، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بە میدیازانی وت، “هۆکارەکەی ئەوەیە ئەو مەراسیمانە زۆر جار دەبنە هۆی راگرتنی دەوام بۆ یەک رۆژی تەواو، هەروەها خەرجییەکانی زۆرن و بارگرانی بۆ خێزانی قوتابییەکان دروست دەکات”.
ئەو زیاتری باسکرد، “هەندێک جار مەراسیمەکە دەقۆزرایەوە بۆ کاری دیکە و دەبووە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەی قوتابیان، بە نمونە ئاهەنگگێڕان و مانەوە تاوەکو درەنگی شەو، یان گرتنی هۆڵ لە دەرەوەی قوتابخانەکان”.
هەموو ساڵێک لە ٣١ی تشرینی یەکەم، جەژنی هاڵۆوین بەڕێوەدەچێت، بە تایبەت لە وڵاتانی رۆژئاوا، خەڵکی جلوبەرگی ترسناک دەپۆشن، خۆیان وەکو دێو و درنج و کەسایەتییە خەیاڵییەکان لێدەکەن، ماڵەکانیان بە جۆرێک دەڕازێننەوە، کە ترسناک دەربکەوێت و منداڵانیش ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن و داوای شیرینی دەکەن.
ئەم بڕیاری رێگرتنە تەنیا لەسلێمانییەو بۆ هەولێرو شارەکانی دیکە شتی وا لەگۆڕ نییە.
سەیوان عەلی، بریکاری وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ میدیازانی روونکردەوە، کە ئەوان لە وەزارەت هیچ بڕیارێکیان نییە بۆ قەدەغەکردنی هاڵۆوین.
سەیوان عەلی وتی، پەروەردەکان و قوتابخانەکان خۆیان سەرپشکن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بۆنە و مەراسیمانە دەکەن.