زیاتر لە 50 شاخەوان بەشداربوون
گەشتە پاییزیەکەی چۆمان بە شاخەوانی و خاوێنکردنەوەی ژینگە کۆتاییهات
964+
ئاکام غەفور- سۆران
گەشتە پایزەکەی چۆمان بە چالاکییەکی شاخەوانی کۆتایی پێهات، کە لەگەڵ شاخەوانیەکە هەر لە گوندی جناسان تاکو سەر گۆمی فێڵاو بە درێژایی نزیکەی دوو کیلۆمەتر ژینگەی ناوچەکە پاک کرایەوە لە زبڵ و خاشاک.
زیاتر لە 50 شاخەوان بەشداربوون لە خاوێنکردنەوەی ژینگەی دەورووبەری چۆمان، شاخەوانەکانیش دەڵێن، ”شاخەوانی و ژینگەپارێزی دووانەی لێک دانەبڕاون”.
سابیر زراری، ئەندامی گروپی شاخەوانی لوتکەی سەفینە، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ”لە هەموو گەشتە شاخەوانییەکانمان، ژینگە پارێزی خۆمان دەکەین، ژینگە پارێزی و شاخەوانی دووانەن و هەموو کات بە یەکەوەن”.
وتیشی، بەداخەوە کە ژینگەی جوانەکەی باڵەکایەتی بەم شێوەیە پیس کراوە، داوا لە گەشتیاران دەکەین دوای خۆیان زبڵ و خاشاک جێ نەهێڵن.
هەڵگورد محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان، بۆ 964 وتی، “بەداخەوە کە گەشتیاران پابەندی پاک راگرتنی ژینگە نابن هەر بۆیە بڕیارمان دا لە درێژەی گەشتەکەمان هەڵمەتێکی پاک کردنەوەی ژینگە ئەنجام بدەین بە دەم شاخەوانیەوە”.
باڵەکایەتی ناوچەیەکی دڵڕفێنە و ئەمەش وایکردوە بەردەوام گەشتیاری زۆر رووی تێبکات و تاکە شت کە جێی نیگەرانی گەشتوگوزاری ناوچەکەیە، پاک رانەگرتنی ژینگەکەیەتی.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر