كۆبوونەوەی پارێزگاری هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری هەولێر
پارێزگاری هەولێر:
“هەولێر بۆ پرۆسەی سەرژمێریی گشتی ئامادەیە”
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، هەموو ئامادەكارییەک بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری كراوە و هەولێر بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە ئامادەیە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.11.2024 لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیى ئامارى هەولێر كۆبووەوە و دواتریش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “هەموو ئامادەكارییەک بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری لە سنوورى پارێزگاى هەولێر كراوە و ئێستا هەولێر ئامادەیە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە”.
وتیشی، ئەو دڵەڕاوكێیەی سەبارەت بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەبوو، ئێستا نەماوە و تێبینییەكان چارەسەر كراون و داوا لە خەڵكی ئەو دەڤەرانە دەكەین، كە ئێستا دانیشتووی هەرێمی كوردستانن، بۆ رۆژانی سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
پارێزگاری هەولێر ئامادەیی پارێزگاشی بۆ هەموو هاوكاری و پاڵپشتییەك بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری هەولێر دەربڕی و داوای كرد هەولێر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە پێشەنگ بێت.
بڕیارە رۆژانی 20 و21ی ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتیی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا بەڕێوەبچێت.