ئاوەکە شیاوە بۆ خواردنەوە
ئەنجامی پشکنینی ئاوی قەزای شارەزوور کۆتایی پێهات و 964 بەڵگەكان دەخاتەڕوو
+964
بڕوا مەجید – شارەزوور
فەرمانگەی ئاوی شارەزوور رایدەگەیەنێت ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجامی كۆتایی پشكنینی ئاوی ماڵان ئەنجامەكەی دەرچووە و دەركەوتووە، ئاوەكە پاكە و بۆ خواردنەوە شیاوە.
دوای بڵاوبونەوەی نەخۆشی سکچون و رشانەوە لە 5.11.2024 لە قەزای شارەزوور بەشێکی زۆری هاوڵاتیان تووشی سكچوون و رشانەوە بوون و چوونەتە نەخۆشخانە، لیژنەیەک لە تەندروستی و ئاوی سلێمانی بە مەبەستی پشکنیی ئاوی قەزاکە گەیشتنە شارەزوور
رەمەزان عارف، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی شارەزوور، بۆ 964 وتی، “دوای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سکچوون و رشانەوە لەلایەن تەندروستی قەزاکە ئاگادارکراینەوە گومان دەکەن ئاوی ماڵان پیس بووبێت، دوو لیژنە لە بەشی کۆنتڕۆڵی جۆری ئاوی دەوربەری سلێمانی و بەشی خۆپاراستنی تەندروستیی سلێمانی پشکنینیان بۆ چوار ماڵ لە گەڕەکی شارستانی وەرگرت و دوای 48 کاتژمێر ئەنجامی پشکنینەکان دەرچوو، كە بۆیان دەرکەوت ئاوی ئەو ماڵانە پیس بووە و تێکەڵ بە ئاوەڕۆی گەڕەکەکە بووە”.
وتیشی، “ئێمە هەمان رۆژی وەرگرتنی پشكنینەكان، سەرچاوەی شکانی بۆرییەکەمان دۆزییەوە و لە چەند کۆڵانێکدا و دوای چارەسەر و تاقیم کردنی بۆریەکان، دواتر لە رۆژی چوارەمدا هەمان دوو لیژنە سەردانی ماڵەکانیان کردەوە و ئەمجارە پشکنینیان بۆ ئاوی حەوت ماڵ كردک، ئەمڕۆش لە حەوتەم رۆژدا ئەنجامی پشکنینەکان دەركەوتن و دیارە كە پاکن و ئاوی ناو بۆرییەکان شیاوی خواردنەوەن، بۆیە هاوڵاتیان بێخەم دەتوانن ئاوی بەلوعە بەکاربێنن”.
هەر لەمبارەیەوە سامان سابیر، لێپرسراوی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید رەئوف بەگ بۆ 964 ئەوەی وت، “رێژەی سەردانیکردنی نەخۆشی سکچوون و رشانەوە بۆ نەخۆشخانەکەمان %99 کەمی کردووە، بارودۆخی نەخۆشخانە تەواو ئاسایی بووەتەوە و وەک رۆژانی پێش ئەم حاڵەتەی لێهاتووەتەوە”.
بەهۆی ئەو پیسبوونەی سەرچاوەی ئاو، كە لە قەزای شارەزوور روویدا، نزیكەی دوو هەزار كەس تووشی سكچوون و رشانەوە بوون.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا