6%ـى کارەکانى تەواو بووە

بەبێ ئەوەى پارەى بۆ تەرخان بکرێت پڕۆژەى ئاوى گۆپتەپە بەردەوامە

964+

عەزیز عەبدوڵا- گۆپتەپە

سەرەڕاى ئەوەى تائێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ کۆمپانیاى جێبەجێکار تەرخان نەکراوە، بەڵام بە وتەى سەرپەرشتیاری ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ، کارەکان نەوەستاون و 6%ـى تەواو بووە.

حەیدەر محەمەد سەرپەرشتیاری پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵە بە 964ـى وت،”ئەو دەنگۆیەى باس لە وەستانى کارەکانى پڕۆژەى ئاوى گۆپتەپە – چەمچەماڵ دەکات راست نییە، هەرچەندە هیچ بڕە پارەیەک تەرخان نەکراوە، بەڵام کارکردن بەردەوامە”.

وەک باسى دەکات، داواى دوو سلفەیان کردووە بە بڕى 15 ملیار دینار، لە ئەگەرى وەرگرتنى نیوەى ئەو بڕە پارەیە، پڕۆژەکە مەترسی وەستانی لەسەر نامێنێت.

ئاشکراشى کرد، بەم حاڵەوە 6%ـى کارەکانى تەواو بووە و ئێستا کارى هەڵکەندن و کۆنکرێتکردنى تانکى کلۆر و تانکى پاککردنەوەى ئاوى ئەو پەمپەى ئاو دەنێڕێت بۆ ناوچەکانى دەورووبەرى تەواو بووە کە رووبەرەکەى 15 هەزار مەتر سێجایە.

پڕۆژەى ئاوى گۆپتەپە – چەمچەماڵ، پرۆژەیەکی گرنگى ئاوى خواردنەوەى چەمچەماڵە، بە تەواو بوونى کێشەى کەمئاوى قەزاى چەمچەماڵ و دەورووبەرى چارەسەر دەکات و 400 هەزار کەس لێى سوودمەند دەبن.

توانای به‌رهه‌مهێنانی 3400م3 ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ یه‌ك كاتژمێردا هه‌یه‌ و زیاتر له‌ 480 هه‌زار كه‌سیش لێی سوودمه‌ند ده‌بن.

پڕۆژەکە لە 30ـی حوزەیرانى 2024ـەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە و بڕیارە 26-06-2026 تەواو بێت و ماوەى 730 رۆژى بۆ دیاریکراوە.

گوژمەی پڕۆژەكە 114 ملیار دینارە و لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە دابین دەكرێت .

پڕۆژەکە تواناى هەیە سێ هەزار و 400 مەترسێجا، ئاوى پاک بەرهەمبهێنێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

کار کردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ  بەردەوامە

کار کردن لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بەردەوامە