باوەڕ دەکەیت ئەمە تابلۆ بێت؟

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

شێوەکارێکی خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە، تابلۆی شاعیرێکی کورد بەشێوەی “هایپەر ریالیست” دەکێشێت، بەجۆرێک هەست ناکەیت ئەو تابلۆیە بە دەست کێشرابێت.

ئیبراهیم زۆراب، مامۆستای پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجەیە، تابلۆیەکی شاعیری کورد “رەفیق سابیر”ی کێشاوە.

تابلۆکە بە شیوازی هایپەر ریالیستە، پێوانەکەی 185 سانتیم بە 253 سانتیمەترە، لە تابلۆکە بۆیەی رۆنی لەسەر کانڤاس بەکارهاتووە.

رێبازی هایپەر ریالیست لە شێوەکاریدا کار لەسەر بابەتی راستەقینە دەکات، بەجۆرێک هەست ناکەی ئەو تابلۆیەی کێشراوە راستی نیە.

ئیبراهیم زۆراب، بە تۆڕی 964ی وت “کارەکەم لە پای ئەو خزمەتەی دکتۆر رەفیق سابیرە کە بە شیعری (بە تەنیا جێی مەهێڵن) بۆ هەڵەبجە کردی ویستم چاکەی ئەو بدەمەوە وەک وەفایەک”.

ئیبراهیم زۆراب لەگەڵ تابلۆکەی

ئیبراهیم زۆراب، لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە کە لە ساڵی 1988 روویدا، خوشکێکی لەگەڵ هاوسەرەکەی بە شەش منداڵەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئیبراهیم دەڵێت دوو ساڵە بەشێوەی پچڕ پچڕ کاری لە تابلۆکە کردووە، بەڵام چوار مانگە رۆژانە پێنج سەعات بە تەواوی کاری تیاکراوە.

ئیبراهم زۆراب، مامۆستای پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە.
لە ساڵی 2005 کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سلێمانی تەواو کردووە.
دەستەی دامەزرێنەری پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجەیە لەساڵی 2007
ساڵی 2017 ماستەری لە شێوەکاری زانکۆی تاران وەرگرتووە.

لەبارەی چارەنوسی تابلۆکە، ئیبراهیم وتی، “هەر ئەمڕۆ چەندین کەس پەیوەندیان پێوەکردووم، بە مەبەستی کڕین، بەڵام نایفرۆشم، بەنیازم ئەگەر مۆزەخانەیەکی نیشتیمانی هەبێت لەوێ دەیپارێزم”.

شاعیری ناو تابلۆکە، دکتۆر رەفیق سابیرە، ئەو خەڵکی شاری قەڵادزێیە، لەسەروەختی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە، بە شیعری “بەتەنیا جێی مەهێڵن” گوزارشتی لەو کارەساتە کرد، ئەو ژنەی لەناو تابلۆکە دەرکەوتووە، (ئێکا)یە خێزانی رەفیق سابیرە، ئەو لەساڵی 2021 کۆچی دوایی کرد.