نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەى چنگیان لە شارباژێر...وێنە: پەڕەى بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارباژێر
لە ژێر نۆژەنکردنەوەدایە
کێشەى قوتابخانەى چنگیان چارەسەر دەبێت
وریا فەتاح
پەروەردەى شارباژێر کۆڵى نەدا، هەتا ئەو قوتابخانانەى پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە بوو پێش وەرزى سەرما نۆژەنى نەکردنەوە، حەوت قوتابخانە نۆژەنکرانەوە و بەم هەینییەش قوتابخانەى چنگیان کون و کەلەبەرەکانى چاکدەکرێن.
لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارباژێر بە 964ـى وت” یەک دوو ژوورى قوتابخانەى چنگیان پێویستى بە نۆژەنکردنەوە بوو، دواى ئەوەى نوسراومان کرد، بودجەیەکمان لە وەزارەتى پەروەردە و داراییەوە دابینکرد بۆ نۆژەنکردنەوەى”.
وەک باسى دەکات، بەهۆى ئەوەى ئێستا کاتى دەوامە، رۆژانى هەینى و شەممە و شەوان کاردەکرێت بۆ نۆژەنکردنەوە بۆ ئەوەى دەوامى قوتابیان دوانەکەوێت.
“لە ماوەى رابردوودا شەش حەوت قوتابخانەمان نۆژەنکردووەتەوە، چەند قوتابخانەیەکى دیکەش پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە و بیناکانى کۆنن، تەنانەت، ژمارەیەک قوتابخانە خراونەتە لیستى قوتابخانە مەترسیدارەکان”، لەتیف حوسێن واى وت.
روونى کردەوە، لە سنوورى پەروەردەى شارباژێر 100 قوتابخانە و ناوەندى پەروەردەیى هەیە، ساڵى رابردوو 30 ناوەندیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەبوو، بەڵام لەمساڵدا نزیکەى هەشت قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە و بەردەوامیشن، ئەوە جگە لەوەى بە هەوڵى کەسى خۆیان ژمارەیەکى زۆریان نۆژەنکردوونەتەوە.