کێشەیان هەیە و داوای چارەسەر دەکەن
ناحیەی پیرەمەگروون ئەمشەوی بێ كارەبا بەسەربرد
+964
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
ماوەی زیاتر لە سێ كاتژمێر، نیوەی ناحیەی پیرەمەگروون ئەمشەويان بێ كارەبا بەسەر برد و بەڕێوەبەری هونەری كارەبای پیرەمەگروونیش دەڵێت، “بەهۆی لۆد لەسەر یەكێك لە محاویلەكانی وێستگەی تاسڵوجەوە، كارەبای پیرەمەگروون بڕاوە”.
سەبارەت بە گرفتی كارەبای ناحیەكەوە، عوسمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری هونەری كارەبای پیرەمەگروون بە 964ی وت، “بۆ ماوەی سێ كاتژمێر كارەبای پیرەمەگروون كوژایەوە، بەهۆی لۆد لەسەر یەكێك لە محاویلەكانی وێستگەی كارەبای تاسڵوجە كە كارەبا دەنێرێت بۆ ناحیەكەی ئێمە كارەباكەمان بڕاوە، لە وێستگەی تاسڵوجەوە نۆرە بە محاویلەكان كراوە، بۆ ئەوەی محاویلەكان لە مەترسی كەوتنی تەواوەتی بپارێزن”.
وتیشی، زیاتر لە ساڵێكە ئەو گرفتە لە كارەبای پیرەمەگروون هەیە و لە سەرەتای وەرزی زستان و وەرزی هاوین گرفتەكە سەرهەڵدەداتەوە، پێویستە محاویلەیەكی گەورەتر دابین بكرێت، كە توانای پێدانی كارەبای پیرەمەگروونی هەبێت، چەند جارێك داوای چارەسەرمان كردووە لە بەڕێوەبەرایەتيی كارەبای سلێمانی، بەڵام تائێستا چارەسەر نەكراوە.
“دوای پچڕانی كارەبای پیرەمەگروون، ئێستا نۆرە دراوەتەوە ئێمە و ماوەی نیو كاتژمێرە كارەبا بۆ ناحیەكە گەڕاوەتەوە” عوسمان ئەحمەد وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، وێستگەی كارەبای تاسڵوجە لۆدێكی زۆری لەسەرە و بە دوو محاویلە كارەبای هەریەك لە قەزای بازیان، بەشێكی قەزای دوكان، كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە، فەرماندەیی، كەنەكەوە و تاسڵوجە دابین دەكات و بۆ چارەسەری ئەو لۆدەش ناچارە بە نۆرە كارەبا بەو ناوچانە بدات.