لە 25 رۆژدا

زیاتر لە 100,000 بەڕوو لە چیاکانی کوردستان چێنران

964+

وریا فەتاح

تۆڕی زاگرۆسانە ئاماری کۆتایی هەڵمەتی “هەرەوەزی چاندنی زاگرۆسانە”ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا بە بەشداریی حکومەت و رێکخراو و گرووپە شاخەوانییەکان، لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا زیاتر لە 100,000 بەڕوو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان چێنراون.

بەپێى راگەیەندراوێکی تۆڕەکە، هەڵمەتەکە لە ژێر دروشمی “ژیانەوەی سروشتی نیشتمانە” بووە و سەرەتا لە رۆژی 22.11.2025 راگەیەندراوە، بەڵام قۆناغی جێبەجێکردن لە 15.12.2025 دەستیپێکردووە و 25 رۆژی خایاندووە.

تۆڕەکە دەڵێت، جگە لەو ژمارە فەرمییە، پێشبینی دەکەن بە شێوەی خۆڕسکیش زیاتر لە 30,000 بەڕووی دیکە لەلایەن خەڵکەوە چێنرابێت.

وردەکاریی چوار قۆناغەکەی چاندنی بەڕوو بەمشێوەیە بووە:

• قۆناغی یەکەم: لە قۆپییەکانی قەرەداغ 10,000 تۆوی بەڕوو و 31 نەمام نێژران.
• قۆناغی دووەم: لە دهۆک، شەقڵاوە (بەرەباب بۆیا) و دەربەندیخان (چیای بەرانان) 40,000 تۆوی بەڕوو چێنران.
• قۆناغی سێیەم: لە گوندی کواوای پێنجوێن 18,000 تۆوی بەڕوو چێنران.
• قۆناغی چوارەم: لە چەندین ناوچەی وەک (سەرتەکی بەمۆ، ئەشکەوتی هەزارمێرد، سەرگەڵو، پیرەمەگرون، بیارە، سەیدسادق، دۆڵی جافایەتی، قەڵادزێ و کۆیە) 22,400 تۆوی بەڕوو چێنران.

لە هەڵمەتەکەدا جگە لە بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوان و قایمقامیەتەکانی (قەرەداغ، دەربەندیخان و پێنجوێن) و پەیمانگا و خوێندنگەکان، زیاتر لە 31 گرووپ و رێکخراوی شاخەوانی و ژینگەپارێزی لە سەرجەم شارەکانی کوردستان بەشدار بوون.

تۆڕی زاگرۆسانە لەلایەن کۆمەڵێک رێکخراوی وەک (سروشتی کوردستان، ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی، شاخەوانیی پیرەمەگرون، سەنتەری سلێمانی و ئازادبوون)ەوە پێکهێنراوە و ئامانجیان پاراستن و زیادکردنی ڕووبەری سەوزاییە بە داری ڕەسەن.

لە هەڵمەتی زاگرۆسانە 60 کەس بەیەکەوە بەڕوویان لە بناری ...

لە هەڵمەتی زاگرۆسانە 60 کەس بەیەکەوە بەڕوویان لە بناری بەمۆ چاند