ئیستانبوڵ
سودانى و ئەردۆگان کۆدەبنەوە
964+
وریا فەتاح
کەمێک لەمەوبەر، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق گەیشتە ئیستانبوڵى تورکیا و بڕیارە لەگەڵ ئەردۆگان، سەرۆک کۆمارى تورکیا کۆببێتەوە.
بەپێى راگەیەنراوى نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق، سودانى و رەجەب تەیب ئەردۆگان، کۆدەبنەوە، بەڵام هیچى لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە ئاشکرا نەکردووە.
نیسانى ئەمساڵ، ئەردۆگان سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق 26 رێککەوتن و لێکتێگەیتنیان واژۆکرد کە ئەمانە بوون:
1- رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی لە نێوان حکومەتی عێراق و تورکیا.
2- واژۆکردنی رێککەوتنێکی چوارچێوەدار بۆ هاریکاری لە بواری ئاو لەنێوان حکومەتی عێراق و تورکیا.
3- یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن بۆ پرۆژەی رێگای گەشەپێدان، لەنێوان وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق و وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی ژێرخانی تورکیا.
4- واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بازرگانی ئابوری (JETCO) لەنێوان وەزارەتی بازرگانی عێراق و تورکیا.
5- واژۆکردنی رێککەوتنێکی دیکە بۆ هاندان و پاراستن و ئاڵوگۆڕی وەبەرهێنان لەنێوان دەسەڵاتی وەبەرهێنانی نیشتمانی و وەزارەتی پیشەسازی و تەکنەلۆجیای تورکیا.
6- واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ئەنجومەنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوەی تورکیا.
7- واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی دیکە، بۆ هاریکاری تەکنیکی و زانستی و ئابووری بۆ کارگە بچووک و مامناوەندەکان، لەنێوان وەزارەتی پیشەسازی عێراق و وەزارەتی پیشەسازی و تەکنۆلۆژیای تورکیا.
8- واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بواری مەشقی سەربازی، لەنێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و تورکیا.
9- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەسەر راهێنان و هاوکاری لە بواری تەندروستی سەربازی، لەنێوان وەزارەتی بەرگری عێراق و تورکیا.
10- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ هاریکاری ستراتیژی نێوان، دەسەڵاتی پیشەسازیی سەربازی عێراق و ئەمینداریەتی پیشەسازی بەرگری تورکیا.
11- واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ هاریکاری ئەمنی نێوان وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و تورکیا.
12- یاداشتێکی دیکەی لێکتێگەیشتن لەنێوان پەیمانگەی خزمەتگوزاری دەرەوە و پەیمانگەی توێژینەوەی ستراتیژی تورکیا، ئەم رێککەوتنە لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی عێراق و تورکیا واژۆکراوە.
13- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ هاریکاری لە بواری وەرزش و لاوان، لەنێوان وەزارەتی لاوان و وەرزشی عێراق و تورکیا.
14- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ هاریکاری لە بواری تەندروستی و زانستە پزیشکییەکان، لە نێوان وەزارەتی تەندروستی عێراق و تورکیا.
15- پلانی گروپی کاری کشتوکاڵی بۆ ماوەی ساڵانی 2024-2025، لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و تورکیا.
16- واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەسەر توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆژی، لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئەنجومەنی توێژینەوەی زانستی و تەکنەلۆژی تورکیا.
17- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ هاریکاری لەبواری پەروەردەدا، لەنێوان وەزارەتی پەروەردەی عێراق و تورکیا.
18- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەبواری هاریکاری گەشتیاری، لە نێوان وەزارەتی ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و دێرینەکان و وەزارەتی گەشتوگوزاری تورکیا.
19- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەبواری دامەزراندن و ئاسایشی کۆمەڵایەتی، لەنێوان وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق و تورکیا.
20- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەبواری کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزانی، لەنێوان وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاری تورکیا.
21- یاداشتی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بەڵگەنامە و ئەرشیفی حکومەت، لە نێوان وەزارەتی رۆشنبیری و ئەرشیفی حکومەتی تورکیا.
22- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بواری ئاسایشی بەرهەم و بەربەستە تەکنیکیەکانی بەردەم بازرگانی، لەنێوان وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی بازرگانی تورکیا.
23- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە کاروباری ئایینی لە نێوان فەرمانگەی ئەوقافی سوننە و سەرۆکایەتیی تورکیا بۆ کاروباری ئایینی.
24- واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە هاریکاری لەبواری راهێنانی دادوەری بۆ خوێندکاران و دادوەران و یاریدەدەر و داواکاری گشتی، لەنێوان پەیمانگەی دادوەری عێراق و ئەکادیمیای دادپەروەری تورکیا.
25- واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەبواری کارەبا، لە نێوان وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی وزەو سامانە سروشتییەکانی تورکیا.
26- یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە بواری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتی راگەیاندن و پەیوەندییەکان و سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی تورکیا.