كامێراكانی‌ هاتوچۆ هه‌ر رۆژه‌و به‌زمێكیان به‌سه‌ردێت

ساتی ئاگرگرتنی کامێراکان – Social Media

میدیازان – سلێمانی – دیلان محەمەد

بۆ جاری سێیەم هێرشکرایە سەر کامێراکانی تۆمارکردنی خێرایی لەسەر رێگای پیرەمەگروون، هاتوچۆی سلێمانیش دەڵێت هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نیە چونکە تا ئێستا وەرمان نەگرتووە.

لاوەند فەرەیدون پارێزەری کۆمپانیای ئێرلی فیوچەر، ئەو کۆمپانیایەی کە ئەرکی دانانی کامێراکانی پێسپێردراوە، بە میدیازانی راگەیاند، یەکێک لە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی خاڵ بۆ خاڵ لە سەر رێگای گشتی نێوان سلێمانی- دووکان نزیک پیرەمەگروون سوتێنراوە.

سێ رۆژ پێش ئێستاش لەسەر هەمان رێگا تەقە لە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەویی ناسراو بە خاڵ بۆ خاڵ کرا.

ئەنوەر تاهیر محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە میدیازانی ڕاگەیاند: لە دوای بڕیاری ئەنجوومەنی پارێزگاوە بۆ قەدەغەکردنی دانانی کامێرای پۆینت توو پۆینت، هیچ بەرەوپێشچوونێک لە دانانی ئەو کامێرایانەدا ڕووی نەداوە.

مانگ‌ و نیوێک بەر لە ئێستاش لە گوندی تابین لە نزیک قەزای دووکان تەقە لە کامێرای چاودێریی کرا و ئەم بەیانییەش لە ڕێگەی سلێمانی – پیرەمەگروون سێ بارە بووەتەوە.

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی: “دانانی ئەو کامێرایانە لە بەرژەوەندیی گشتی نین و بۆ بارودۆخی ئێستای هاووڵاتییان نابێت و سووریشین لەسەر ئەو بڕیارەی داومانە و چاودێری هەر هەنگاوێک دەکەین کە پێچەوانەی بڕیارەکەی ئێمە بنرێت.”