لە سلێمانی
هاوڵاتیانی گەڕەكی قولەڕەیسی دژی تێكچوونی شەقامێك گردبوونەوە
964+
ئەحمەد محەمەد
ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی گەڕەكی قولەڕەیسی لە سلێمانی گردبوونەوە و كێشەیان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك هەیە، كە شەقامێكی سەرەكیی گەڕەكەكەیان تێكداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 29.10.2024 هاوڵاتیانی گەڕەكی قولەڕەیسی هاتنە سەر شەقام و داوایان كرد كێشەی شەقامێكی سەرەكیی گەڕەكەكەیان بۆ چارەسەر بكرێت.
یەكێك لە هاوڵاتیانی گەڕەكەكە بە 964ی وت، چەند كۆمپانیایەك لە شەمعەكانی ئاوی نزیك گەڕەكەكە ئاو دەگوازنەوە و ئاوەكەش دەڕژێتە سەر شەقامەكە و تێكی داوە، ئەمە جگە لەوەی بارهەڵگرەكان گەورەن و بەهۆی ئاوەكە و كێشی خۆیانەوە رێگەكەیان بە تەواوی تێكداوە.
وتیشی، “داوا دەكەین كۆمپانیاكان شەقامەكەیان بۆ چاك بكەنەوە”.
هاوڵاتییەكی دیكەش بۆ 964 دەڵێت، چەند جارێك شەقامەكەیان چاككردووەتەوە، بەڵام بەردەوامبوونی هاتوچۆی بارهەڵگرەكان و رژانی ئاوەكە، بەردەوام شەقامەكە تێكدەدات، كە ئاستەنگی بۆ هاوڵاتیانی گەڕەكەكە دروست كردووە و ئۆتۆمبێلەكانیشیان زیانی زۆری پێدەگات.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا