قوتابخانە تازەکان دەوامیان تێدا دەکرێت
پێنج قوتابخانە و دوو باخچەی منداڵان دەکرێنەوە
میدیازان – هێمن بەکر – هەولێر
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، دروستکردنی باڵەخانەی پێنج قوتابخانە و دوو باخچەی منداڵان لە هەولێر و سلێمانی تەواو بوون، بۆ خوێندنی ئەمساڵیش بەکاردەهێندرێن.
چوار قوتابخانەیان دەکەونە سنوری هەولێر ، یەکێکیان نۆ پۆلی و سیانیان هەژدە پۆلین، لەگەڵ باخچەیەکی منداڵان، یەک قوتابخانەی ١٨ پۆلی و باخچەیەکی منداڵان دەکەونە سنووری سلێمانی.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە هەفتەکانی داهاتوودا، “ئەو قوتابخانانە دەکەونە بواری خزمەتەوە”.
میدیازان پرسیاری کرد لە سەیوان عەلی، بریکاری وەزیری پەروەردە، ئایا بۆ خوێندنی ئەمساڵ دەوامیان تێدا دەکرێت؟ وەڵامەکەی بەڵێ بوو، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر بدات لەبارەی ئەوەی ئایا قوتابخانەی نوێ دەکرێنەوە یاخود باڵەخانەکان دەدرێنە ئەو قوتابخانانەی ئێستا هەن.
وەزارەتی پەروەردە لەراگەیەندراوەکەیدا باسی ئەوەی کردووە لە هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە چەند قوتابخانەیەکی تر بەردی بناغەیان دادەنرێت و قوتابخانەش هەیە زۆری نەماوە تەواوبێت.