پێشبینیه‌ جیهانییه‌كان: زیاتر به‌رزده‌بێته‌وه‌

نرخى زێر له‌ كوردستان هه‌ر له‌ به‌رزى ماوه‌ته‌وه‌

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

نرخى زێڕ له‌ بازاڕه‌كانى هه‌رێمی كوردستان وه‌كو خۆیه‌تى  كه‌ دوێنێ بڵاوكراوه‌یه‌وه‌ و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌، به‌ڵام پێشبینى بانكه‌ جیهانییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ نرخه‌كه‌ى زیاتر به‌رز ببێته‌وه‌.

نرخى ئه‌مڕۆى یەک ئۆنسە زێڕ له‌بازاڕه‌كانى جیهاندا به‌ دوو هه‌زار و 731 دۆلار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كراوه‌ و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ نرخى دۆلار بۆ زێڕ به‌ 152 هه‌زار 700 دینار حسابکراوە، نرخى ئۆنسه‌یه‌ك  دوو هه‌زار و 734  دۆلار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ ده‌كرێت.

به‌پێی پێشبینییه‌كانى بانكه‌ به‌ناوبانگه‌كانى جیهان له‌وانه‌ش سیتی بانکی ئەمریکا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا بۆ دوو هه‌زار و 800 دۆلار بەرزده‌بێتەوە، لە ماوەی شه‌ش تاوەکو 12 مانگى داهاتووشدا پێشبینییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بگاتە سێ هه‌زار دۆلار.

هۆكارى ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ش كه‌ بانكه‌كه‌ باسی كردووه‌ دۆخى شه‌ڕ و گرژییه‌كانى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست له‌ هۆکارە سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌یه‌.

نرخی ئه‌مڕۆى زێڕ كه‌ لەلایەن سەندیکای زێڕنگرانه‌وه‌ داندراوه‌ به‌م شێوه‌یه‌یه‌:

مسقاڵێک زێڕ عەیار24 به‌ 685 هه‌زار دیناره‌

مسقاڵێک زێڕ عەیار22 به‌ 625 هه‌زار دیناره‌

مسقاڵێک زێڕ عەیار21 به‌ 600 هه‌زار دیناره‌

مسقاڵێک زێڕ عەیار18 به‌ 515 هه‌زار دیناره‌