بەڕێوەچوونی دەنگدانی لە هەریمی کوردستان _ وێنە: ئەرشیفی 964
زۆرترینیان لە هەڵەبجە بووە
رێکخراوێک: لە دەنگدانی تایبەتدا پێشێلکاری بەرامبەر 19 رۆژنامەنوس کراوە
ژووری هەواڵ
لە دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، رێکخراوێک 19 پێشێلکاریی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان تۆمار کردووە کە زۆرترینیان لە هەڵەبجە بووە.
رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، راپۆرتێکى لە بارەى پێشێلکارییەکان لە دژی رۆژنامەنووسان لە پرۆسەى دەنگدانی تایبەت بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە هەڵەبجە 15 پێشێلکارى، لە هەولێر سێ پێشێلکارى و لە دهۆک یەک پێشێلکارى بەرامبەر رۆژنامەنووسان تۆمارکراون، بەڵام لە سلێمانى هیچ پێشێلکاریەک تۆمار نەکراوە.
“لە رێگەى سەکۆی پەیامنێرانەوە کە ژمارەیان 180 پەیامنێرە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، چاودێری بارودۆخی تیمەکانی راگەیاندنمان کرد و ئاماری پێشێلکارییەکانمان تۆمارکردووە”، رێکخراوەکە وا دەڵێت.
بەگوێرەى راپۆرتی رێکخراوەکە، رۆژنامەنووسان بەشێوەیەکی “پرۆفیشناڵانە” و لە چوارچێوەى ئیتیکی رۆژنامەنووسی بەشێوەیەکی “پیشەییانە” کارەکانیان ئەنجامداوە.
رێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان داوا دەکات، لە دەنگدانی گشتیدا هێزە ئەمنییەکان و دەزگا حکومییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بکەن و رێگری لە کارەکانیان نەکەن.
دوێنێ هەینی 18.10.2024 لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو، سبەی یەكشەممەش دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.