زێتێ له‌مانگى ئایار و كێله‌شینیش له‌داهاتوو له‌ سۆران ده‌كرێنه‌وه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن- هەولێر

به‌قسه‌ى وته‌بێژى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران، له‌ سنوورى ئیداره‌كه‌یاندا سه‌رقاڵى كردنه‌وه‌ى دوو خاڵى سنوورین، كه‌ یه‌كه‌میان له‌ته‌واو بووندایه‌ و به‌م نزیكانه‌ ده‌كرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ى دووه‌میشیان وه‌ك بیرۆكه‌یه‌ك گه‌ڵاڵه‌كراوه‌ و كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆ داهاتوو بكرێته‌وه‌.

هەژار حەکیم وته‌بێژی ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران به‌ تۆڕى964 ی راگه‌یاند “خاڵى سنوورى زێتێ له‌ سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، كه‌ دەکەوێتە قەزای مێرگەسوور و ڕێوشوێنەکانی کردنەوەی بەرەو کۆتایی دەروات و پێشبینى ده‌كرێ له‌ مانگى ئایارى ئه‌مساڵ به‌فه‌رمى بكرێته‌وه‌”

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، ئه‌و خاڵه‌ سنوورییه‌ نزیکەی دوو کاتژمێر و نیو لە سۆران دوورە، بۆیە دەبێتە کارئاسانییەکی باش بۆ هاوڵاتییان بۆ ئەوەی بە ئاسانی بگەنە شوێنی مەبەست، کە تەنیا بۆ هاتوچۆی گەشتیارییە.

وته‌بێژى ئیداره‌ى سۆران ئه‌وه‌شی بۆ تۆڕى964 ئاشكرا كرد، كه‌ بیرۆكه‌ی كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌یه‌كى دیكه‌ش له‌ سنوورى ئیداره‌كه‌یان گه‌ڵاڵه‌ كراوه‌، وتیشی “ده‌روازه‌ى كێله‌شینیش یه‌كێكی دیکە ده‌بێت له‌و خاڵه‌ سنوورییانه‌ى سۆران، كه‌ له‌ داهاتوودا به‌فه‌رمى كارى له‌سه‌ر ده‌كرێت”.

به‌پێی قسه‌كانى وته‌بێژی ئه‌و ئیداره‌یه‌، خاڵی سنووری کێلەشین ده‌كه‌وێته‌ سنووری ناحیه‌ى سیدەکان و به‌ كردنه‌وه‌ى ئه‌و خاڵه‌، تێچوویه‌كى زۆر بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و بۆ هاوڵاتیانى گه‌شتیاریش رێگەى گه‌شتكردنیان نزیكتر ده‌بێته‌وه‌.