215 هەزار و 960 کەس مافى دەنگدانیان هەیە

دەنگدانى تایبەت دەستیپێکرد

964+

وریا فەتاح

کەمێک پێش ئێستا، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان دەستیپێکرد کە 215 هەزار و 960 کەس مافى دەنگدانیان هەیە.

لەرووی زەمەنەوە دەنگدانی تایبەت دوو رۆژ پێش رۆژی دەنگدانی گشتی، واتە رۆژی (18-10-2024)، بەڕیوەدەچێت، کە تێیدا هێزەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە و بەندکراوان و هەندێک لە نەخۆشی نەخۆشخانەکان دەنگی تێدا دەدەن.

ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا پێشهاتی نوێیە و پێشتر نەبووە ئەوەیە کە دەنگدەرانی تایبەت ناتوانن و رێگەیان لێگیراوە کە دووجار دەنگ بدەن، چونکە کارتی بایۆمەترییەکانیان بە جۆرێک پرۆگرامسازیی بۆکراوە کە دوای دەنگدانیان راستەوخۆ کارتەکانیان بۆ ماوەی (72 کاتژمێر) لەکاردەکەوێت، ئەمە جگە لەوەی دوابەدوای دەنگدان راستەوخۆ کارتەکانی بایۆمەتریشیان لێوەردەگیرێتەوە و پاش تەواوبوونی هەڵبژاردنی گشتی بە ماوەیەک ئەوسا کارتەکانیان پێدەدرێتەوە.

دەنگدانى تایبەت ئاشکرا دەبێت؟

لێرە و لەوێ باس لەوە دەکرێت کە دەنگ ئاشکرا دەبێت و دەزانرێت کەسەکە دەنگى بە کێداوە یان دەنگەکەى سووتاندووە، بۆ ئەوەش باس لە چەند شتێک دەکرێت لەوانە لە رێگەى ئەو وێستگە و بنکەیەى دەنگدەرى تایبەت دەنگى تێدا دەدات لە رێگەى کۆدى بایۆمەترى دەنگدانەوە گوایە دەزانرێت دەنگى بە کێداوە یان لە کاتى سوتاندنى دەنگەکەى سندوقەکە دەنگێک دەردەکات یان وەرەقەى دەنگدانەکە ناخوێنێتەوە.

دیسکى هەڵبژاردنى 964 بە دواداچوونى وردى بۆ ئەو دەنگۆیانە کردووە و ئەوەى باس دەکرێت دوورە لە راستییەوە، ئامێرو سندوقەکانى دەنگدان بە شێوازێک پڕۆگرامسازیان بۆ کراوە کە رێگرى دەکات لەوەى کەس لە بارەى دەنگى دەنگدەرەوە بزانێت، لە حاڵەتى سووتاندنى دەنگ لە لایەن دەنگدەریشەوە و لە کاتى خستنە ناو سندوقى دەنگدانەوە جیهازەکە هیچ دەنگێک دەرناکات و هاوشێوەیەى هەر کارتێکى دیکەى دەنگدان دەیخوێنێتەوە.

پێشتریش کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان، چەندین جار زانیارى لەبارەى ئەو بابەتەوە بڵاو کردبووەوە رایگەیاندبوو کە دەنگى دەنگدەر پارێزراوە.

پەیمانگاى کوردى بۆ هەڵبژاردن وەک رێکخراوێکى تایبەتمەندى بوارى هەڵبژاردن، دڵنیایى داوە کە دەنگى هیچ دەنگدەرێک نە لە دەنگدانى تایبەت نە لە دەنگدانى گشتی نازانرێت و ئەوەى باس لە ئاشکراکردنى دەنگ دەکات، تەنیا دەنگۆیە و هیچى تر.

لە دەنگدانى تایبەتدا 215 هەزارو 960 دەنگدەر دەتوانن دەنگ بدەن کە دابەشبوون بەسەر چوار بازنەى هەڵبژاردندا، بەم شێوەیەى خوارەوە:

هەولێر: 89 هەزار و 791

سلێمانى: 78 هەزار و 661

دهۆک: 40 هەزار و 656
هەڵەبجە: 952

لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 کەس مافى دەنگدانیان هەیە ژمارەى دەنگى دەنگدانى تایبەت 7.4%ـى کۆى دەنگدەرانى هەرێمى کوردستان پێکدەهێنن.

بڕیاریشە کاتژمێر 6ـى ئێوارە دەرگاى وێستگە و بنکەکانى دەنگدان دابخرێن.