دیمەنی یەکێک لەو منداڵانەی لە کەرکوک توندوتیژی بەرامبەر کرا و لەسەر رەزامەندی دایکی وێنەی بڵاوکرایەوە _ وێنە: 964
کەرکوک
لە نۆ مانگدا توندوتیژی بەرامبەر 41 منداڵ کراوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە کەرکوک و لە ماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا، 41 منداڵ توندوتیژیان بەرامبەر کراوە، کە زۆرینەیان لە رێگەی لێدان و ئەشکەنجەدانەوە بووە.
بەشێکی دیکەی توندوتیژییەکان دەروونی بووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 14.10.2024، زەمیا محەمەد. بەرپرسی ئۆفیسی کەرکوک مافی مرۆڤ بە 964ـی وت، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵ و لە 1.1.2024 بۆ 30.9.2024، لە شاری کەرکوک 41 حاڵەتی توندوتیژی لە دژی منداڵانی خوار 16 ساڵ لە لایان تۆمار کراوە.
لەو رێژەیە، 36 منداڵیان توندوتیژیان لە رێگای لێدان و ئەشکەنجەوە بەرامبەر کراوە، ئەوانی دیکە توند وتیژی دەروونی و زارەکی بووە، زەمیا وتی، “خۆشبەختانە هیچ توندوتیژییەکی سێکسی تۆمار نەکراوە، بەڵام بەشێک لە توندوتیژیییەکان خێزان هۆکاری سەرەکی بووە”.
بەڕێوەبەرەکەی مافی مرۆڤ لە کەرکوک، هەرچەندە ئاماژەی بە داتای ساڵانی رابردوو نەدا، بەڵام وتی، بەراورد بە هەمان ماوە، ئەو ئامارانەی لە بەردەستن، کەمیان کردووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو.
لە بارەی کەیسەکانی توندوتیژی خێزانی، پارێزەر نەجلا عەزاوی لە دادگای کەرکوک بە 964ـی وت، ئەو دۆسێیانەی دێتە لای پارێزەران زۆرینەی توندوتیژی بووە، لەرێگای باوکانەوە، “ئەوەشمان بیرنەچێت چوار مانگ پشووی کۆتایی ساڵی قوتابخانە بووە، بەدووری نازانین ئەو ئامارە بەرزبێتەوە، وەک ئەوەی ساڵی رابردوو مامۆستایەکی ناوەندی، بەلێدان لوتی کچە قوتابییەکەی بژاندبوو. پاشان سوڵحی عەشائیری کرا و دۆسییەکە داخرا”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا