داخستنى پاڵاوگە نایاساییەکان گەیشت بە کوێ

تەمە پیسەکە واز لە ئاسمانى هەولێر ناهێنێت

وریا فەتاح

هەرچەندە ئەمڕۆ 70 رۆژ بەسەر بڕیارى داخستنى 138 پاڵاوگە نایاساییەکەى هەولێردا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا ئەنجامى کۆتایى داخستن یان دانەخستنیان نەخراوەتەڕوو و ئاسمانى هەولێریش هەر بە پیسى ماوەتەوە.

بەپێى گرتەیەکى ڤیدیۆیى 964، ئەمڕۆ تەم و پیسى ئاسمانى هەولێر لەشێوەى هەورێکى رەش هێڵێکى بەسەر بەشى باکورى رۆژئاواى هەولێردا کێشاوە.

964 لە واتساپەوە گرتەکەى بۆ ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر ناردووە و پرسیارى ئەنجامى کۆتایى داخستنى پاڵاوگەکانى لێکردووە و چاوەڕێى وەڵامە.

لاى خۆیەوە، دڵشاد حسێن هیرانى، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى هه‌ولێر لەسەر چڕبوونەوەى تەمەکە بە 964ـى وت، “هۆکارەکە تەنیا هەولێر نییە، سێ جۆر با هۆکارى سەرەکییە، لە کەرکوک و خەبات و مەخمورەوە تۆزوخۆڵ و پیسایى دەهێنن بۆ ناو هەولێر و لە هەولێر چڕ دەبنەوە”.