باجی هه‌رێم: “پابەندی یاسای باج لە عێراق نابین”

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

حكومەتی عێراق دەڵێت، یاسای باج لە عێراقدا رێكدەخەینەوە و هەرێمی كوردستانیش دەڵێت پابەندی نابین.

 كەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتیی باجه‌كانی هەرێمی کوردستان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 30ـی كانوونی دووه‌م، بە تۆڕی 964ی راگەیاند: “هەر یاسایەك لە هەرێمی كوردستان دەربچێت دەبێت ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی بكات و پەرلەمانی كوردستانیش دەنگی لەسەر بدات، پاشان جێبەجێ دەكرێت.

بەقسەی وەرتی، هەرێمی كوردستان سیادەی خۆی هەیە و دەبێت لە چوارچێوەی قەوارەی هەرێمی كوردستاندا ئەو یاسایانه‌ جێبەجێ بكرێن و  رێز لە سەروەی هەرێمی كوردستان بگیردرێت، ئێمە هیچ جۆرە یاسایەك لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكەین.

تۆڕی 964 پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد، ئایا هەرێمی كوردستان یاسای باج نوێدەكاتەوە؟
 بە قسەی بەڕێوبەری گشتیی باجەكانی هەرێمی كوردستان، هیچ جۆرە یاسایەكی باج لە كوردستاندا نوێ ناكرێتەوە، چونكە كارێكی قورسە و ئەگەری هەیە نەتوانرێن یاسایەكی نوێ لە كوردستاندا دابڕێژرێتەوە.

|هەركاتێك عێراق كێشەیەكی سیاسی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێت، راسته‌وخۆ دەست بۆ پرسی باج دەبەن، ئەوەش سیاسییە و هیچ پەیوەندی بە بابەتی رێكخستنەوەی ئابوورییەوە نییە”، كەمال وەرتێ وای وت.

بەپێی یاسای نوێی باج، عێراق  دەیەوێت لە سەرتاسەری وڵاتدا سیستمی باج رێكبخرێتەوە

لە بارەی دەستبردن بۆ یاسای باج و رێكخستنەوەی، عەبدولقادر ساڵح مامۆستای زانكۆ و ئابووریناس بۆ تۆڕی 964 ده‌ڵێت، “دەستبردن بۆ یاسای باج و كەمكردنەوەی باج یاخود رێكخستنەوەی، بابەتێكی سیاسییە و هیچ دیوێكی یاسایی نییە، چونكە ئێستا عێراق له‌ به‌رده‌م قۆناغێكی چەقبەستوودایه‌، بۆیە لەم قۆناغه‌دا ناكرێت دەست بۆ ئەو بابەتانه‌ ببرێت”.

یاسای باج لە هەرێمی كوردستاندا هەمان یاساكانی حكومەتەكانی پێشووی عێراقن، تەنیا چەند جارێك هەموار كراونەتەوە.