ئەنجومەنی وەزیران هیچ نووسراوێکی بە ئیمەیڵ رایی نەکردووە
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوان لە ماوەی ساڵێکدا توانیویانە، زیاتر لە 24 هەزار مامەڵەی خەڵک رایی بکەن، بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی 964، سەرجەم ئەو مامەڵانە لە رێگهی دەست بووە و هیچی ئەلیکترۆنی نەبووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی کانوونی دووەم، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، نووسیویەتی “لە ساڵی رابردوو %96ی ئەو نووسراوانەی ئاراستەمان کراوە وەڵاممان داوەتەوە و تەنیا %4ی ئەو نووسراوانەمان لا ماوە و هێشتا وەڵاممان نەداونەتەوە”.
بەپێی ئامارەکەی ئومێد سەباح بێت، لە ماوەی ساڵی رابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی 24 هەزار و 425 نووسراویان داوەتەوە، ئەوەی کە بێ وەڵامیش ماوەتەوە تەنیا 890 نووسراون.
تۆڕی 964 بەدواداچوونی کرد بۆ شێوازی راییکردنی مامەڵەی هاوڵاتیان لە ئەنجومەنی وەزیران، بەپێی سەرچاوەیەک له ئەنجومەنی وەزیران، كه تۆڕی 964 پشتڕاستی كردهوه، سەرجەمی ئەو مامەڵانەی لە ئەنجومەنی وەزیران لە ماوەی ساڵی رابردوودا رایی کراون، بە رێگهی دەست بووە و بە شیوازی ئەلیکترۆنی و بە ئیمەیل نەبووە.
لە ساڵی 2017ـەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، راییکردنی کاری حکومەت بە ئەلیکترۆنی بکات، لە چوارچێوەی “حکومەتی ئەلیکترۆنی”، بەپێی زانیارییەکانیش ئێستا کارەکانی ئەو پڕۆژەیە بە خاوی بەڕێوەدەچێت.