"بۆیە بەرزبووەتەوە"
وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێ گرووپە چەکدارەکان دۆلار دەکڕن
964+
ئەحمەد مستەفا
لە کاتێکدا بەهای دینار بە دەست دۆلارەوە دێ و دەچێ و ناجێگیرە، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی دەڵێت، “گرووپە چەکدارە شیعەکان سەریانکردووتەوە کڕینی دۆلار، ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخەکەی لە بازاڕدا”.
ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی سلێمانی و هەولێر هەروەها بەغدای پایتەخت، 100 دۆلاری ئەمریکی بە 153 هەزار بۆ 154 هەزار دینار مامەڵەی پێوە کراوە، بەڵام بەردەوام بە سەنت بەرز و نزم دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 7.10.2024، جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی بە میدیاکانی وت، جگە لە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیادبوونێکی ناسروشتی خواست بۆ دۆلار لە بازاڕەکاندا دروست بووە، لەوانیش گرووپە چەکدارە شیعەکان بە هۆکارێکی نادیار خواستێکی زۆریان لەسەر دۆلار دروستکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بازرگانان و بازرگانانی سیاسیش بە مەبەستی تێکدانی بازاڕەکان خواستێکی زۆریان لەسەر دۆلار دروستکردووە.
ئەوانەش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری لێکەوتووەتەوە، هۆکاری ئەو کارەشی بۆ ئەوە گەڕانەوە، “لە دەرئەنجامی دابەزینی دۆلار و بەرزبوونەوەی، بازرگان و ئەو گرووپانە سوودی مادی دەکەن و دەیفرۆشنەوە”.
پێشتر، کەیفی خۆشناو وتەبێژی بازاڕی دراوی هەولێر بە 964ـی وت، “دەنگۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و هەڕەشە لە عێراق لە هێرشەکان زیاتر کاریگەری هەیە”. باسی لەوەش کرد، دوێنی یەکشەممە، بانکی ناوەندی عێراق 157 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، کە تەنیا 12 ملیۆنی بە شێوەی کاش بووە.