لە سلێمانی بۆ نەخۆشی نەبێت پاسپۆرت نییە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە سلێمانی دەفتەری خام بۆ چاپکردنی پاسپۆرت نەماوە، بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگاکە دەڵێت، کێشەکە هەر لای ئەوان نییە و لە هەموو عێراق دەفتەری خام نەماوە.

بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، ئاگاداری هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی دەکەین، دەفتەری پاسپۆرت لەسەرانسەری عێراقدا نەماوە و چاوەڕێ بن تا ئاگادارتان دەکەین.

دەشڵێت، “لە ئێستادا پاسپۆرت تەنها بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە بە هۆکاری نەخۆشی.”

دوێنێش بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی هەڵەبجە وتی، ئەوانیش لەگەڵ قەزای سەید صادق و قەزای شارەزوور کێشەی نەبوونی دەفتەری خامیان هەیە بۆ چاپکردنی پاسپۆرت.

وتیشی، بەھۆی نەبوونی دەفتەری خامی پاسپۆرتەوە ھەموو مامەڵەیەکی دەرھێنان و نوێکردنەوی پاسپۆرت وەستاوە و تەنیا ئەو پاسپۆرتانەی تەواو بوون دەدرێنەوە بە هاوڵاتییان.

نوسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵیش بەو هۆیەوە هەموو مامەڵەیەکی دەرھێنان و نوێکردنەوی پاسپۆرتی راگرتووە.

تۆڕی 964 زانیویەتی نزیکەی مانگێکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکان پاسپۆرت لە سلێمانی و هەڵەبجە کێشەی نەبوونی دەفتەری خام هەیە.