لەمەودوا نەخۆشخانەی هەریر نەشتەرگەری دەکات

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

نه‌خۆشخانه‌ى ناحیه‌ى هه‌ریر دواى دابینكردنى سێ جۆر ئامێری كوالیتی بەرز، ده‌توانێت چەند جۆرێکی نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام بدات، كه‌ پێشتر بۆ سەرجەم نه‌شته‌رگه‌رییه‌كان خەڵکی ناوچەکە روویان له‌ هه‌ولێر و شه‌قڵاوه‌ كردووه‌.

له‌زگین هه‌ریرى، به‌ڕێوه‌به‌رى ئیداره‌ى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى هه‌ریر، به‌ تۆڕى 964ى وت “له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى شه‌قڵاوه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى هه‌ریر به‌وه‌كاله‌ت، داوا له‌ نوسینگه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت كرا بۆ دابینكردنى ئه‌و ئامێرانه‌، خۆشبه‌ختانه‌ دابینكران، كه‌ بریتن له‌ ئامێره‌كانى سۆنار، تیشك و سڕكردن”.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و ئامێرانه‌ زۆر پێشكه‌وتوون و پێشتر نه‌خۆشخانه‌كه‌یان ئه‌و ئامێره‌ كوالێتی به‌رزانەی لێنه‌بووه‌.

له‌زگین وتیشی “له‌گه‌ڵ دابینكردنى ئه‌و ئامێرانه‌،‌ رۆژی 28ی ئه‌م مانگه‌ به‌شی نه‌شته‌رگه‌ری له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌مان كراوه‌ته‌وه‌ و‌ له‌ ئێستادا ده‌توانرێت نه‌شته‌رگه‌رى ئه‌نجام بدرێت”.

له‌باره‌ى جۆرى نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانه‌وه‌، ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر پسپۆڕییه‌كانیان له‌ نه‌خۆشخانه‌ هه‌بێت، ده‌توانن نه‌شته‌رگه‌ری قورسیش ئه‌نجام بده‌ن.

به‌ڕێوه‌به‌رى ئیداره‌ ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، هه‌ر له‌گه‌ڵ دابینكردنى ئه‌و ئامێرانه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى ناحیه‌ى هه‌ریر، بڕیاردراوه‌ به‌ چاككردنه‌وه‌ى ئه‌مبۆڵانسه‌كانى نه‌خۆشخانه‌کە “كه‌ پاره‌یه‌كى زۆریان ده‌وێت”.

هه‌ریر یه‌كێكه‌ له‌و ناحیانه‌ى سنوورى شه‌قڵاوه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌یان بۆ له‌مه‌ودوا ده‌توانێت نه‌شته‌رگه‌ری جۆراوجۆرى لێ ئه‌نجامبدرێت، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ناحییه‌كانى هیران و بالیسان كه‌ هەر سه‌ر به‌ شه‌قڵاوه‌ن، تا ئێستا جگه‌ له‌ ئامێره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ پشكنینى نه‌خۆش، هیچ ئامێرێكی پێشکەوتوویان بۆ دابین نەکراوە.