"مەترسی داڕمانی لەسەرە"
لە قوتابخانەیەکی قەزای شێخان دەوام راگیرا
964+
هێڤی دێوالی-دهۆک
قوتابخانەی گوندی گلەشین لە قەزای شێخان مەترسی داڕمانی لەسەرە و بەوهۆیەشەوە دەوام تیایدا راگیراوە.
قوتابخانەی گلەشین ساڵی 1974 دروست کراوە و تەنیا جارێک نۆژەنکراوتەوە، بنمیچی قوتابخانەکە مەترسی داڕمانی لەسەرە و زۆربەی پەنجەرەکانیشی شکاون، لە وەرزی باران بارینێشدا، ئاوێکی زۆر دەچێتە ناو پۆلەکانەوە.
ئەحمەد محەمەد، باوکی قوتابییەکی قوتابخانەی گلەشین بە 964ـی وت، “بەهۆی مەترسی داڕمانی قوتابخانەکە، منداڵەکانمان نانێرین بۆ دەوام و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین نۆژەنی بکەنەوە” .
“بەشێک لە خەڵکی گوندەکەمان منداڵەکانیان دەنێرن بۆ قوتابخانەکانی دەورووبەر بەڵام بەشێکمان لە تواناماندا نییە و منداڵەکانمان بێ بەشن لە خوێندن”، ئەحمەد محەمەد وای وت.
عیماد سادق مامۆستا لە قوتابخانەی گلەشین بە 964ـی وت، “دایک و باوکی قوتابیان چەندین جار گلەیییان لە کۆنیی قوتابخانەکە کردووە، ئێمەش لایەنی پەیوەندیدارمان لە مەترسی روخانی قوتابخانەکە ئاگادار کردووەتەوە و بەڵێنیان پێداوین کە لە زووترین کاتدا نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە”.
وتیشی، “دوێنێ خوێندکارەکان دەوامیان نەکرد، رۆژانی داهاتووش دەوام ناکەن تا قوتابخانەکە نۆژەن نەکرێتەوە، بەڵام وەک مامۆستا رۆژانە لە دەوام دەبین و چاوەڕێی چارەسەرکردنی کێشەکە دەکەین”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی قوتابیانی گوندەکە 150 قوتابییە کە 95 کەسیان لە قوتابخانەی گلەشین دەوام دەکەن و 55ـیشیان دەچنە قوتابخانەکانی گوندەکانی دەورووبەر.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری