لە ئورمیەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە
300 کیلۆمەتر بە پاسکیل دەبڕن بۆ بینینی قەڵای هەولێر
+964
ئاکام غەفور – سۆران
سێ پاسکیلسوار لە وڵاتی ئێران بە پاسکیل سەردانی قەڵای هەولێر دەکەن، کە رێگاکە زیاتر لە 300 کیلۆمەترە تاوەکو دەگەن بە قەڵای هەولێر.
ئەو سێ وەرزشوانە لە ئورمیەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەڕێ کەوتوون، ئەمڕۆ سێیەم رۆژە لە رێگان، مەبەستی گەشتەکەیان بینینی سروشتی باڵەکایەتی و قەڵای هەولێرە، دەیانەوێت لە رێگای ئەم گەشتەوە گەنجان هۆشیار بکەنەوە و هانیان بدەن بۆ وەرزش کردن.
گەشتەکەیان بەدەر نەبووە لە ناڕەحەتی و وەک خۆیان باسی دەکەن گرفتی ئەوان، نەبوونی رێگای تایبەت بە پاسکیلە لە کوردستان.
فەرهاد شێخە، یەکێکە لەو پاسکیلسوارانە قسەی بۆ 964 کردوە و دەڵێت، ئێمە سێ پاسکیل سوارین و بە دوو رۆژ گەیشتین بە حاجی ئۆمەران و لەوێشەوە بە دوو رۆژ دەگەین بە قەڵای هەولێر، مەبستمانە لە نزیکەوە قەڵای هەولێر ببینین و بگەڕێینەوە.
باس لەوەش دەکات، مەبەستیان بووە سروشتی چۆمان و گەلی عەلی بەگ و قەڵای هەولێر ببینن، دەیانەوێت گەنجان هان بدەن بۆ وەرزشکردن و لەشێکی تەندروست.
پێداجوونەوە: توانا نەقی