270 ئەمپێر دەدات

ئاوی خابوور بوو بە نیعمەت؛ کارەباشی لێ بەرهەمهێنرا

964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

نزیکەی مانگێکە، ئینستتویتی داهێنان و نوێگەرایەتی کوردستان ناسراو بە KII، لەسەر رووباری خابوور-ی زاخۆ سەرقاڵی لێکۆڵینەوە تا بزانێت بەسوودە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، کارەکەیان ئومێدی بەرهەمی کارەبای بەدەست هێناوە.

ئێستا، بە شێوەی تێست لەسەر خابووری زاخۆ دەستیان کردووە بە بەرهەمهێنانی کارەبا، تورباینێک-یان داناوە راستەوخۆ 150 کیلۆوات کارەبا دەدات، کە دەکاتە نزیکەی 270 ئەمپێر، بەپێی زانیاری سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا هەنگاوی زیاتر دەنێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 1.10.2024، شەریف ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ئینستیتووەتەکە بە 964ی وت، “موژدەی خوشمان هەیە بۆ هاوڵاتیان، کە کارەبایەکی پاک بە وزەیەکی پاک بەرهەمدەهێنین و لە داهاتوودا دەتوانین کارەبای ناوخۆ بەرهەم بهێنین”.

دەزگا ئەکادیمییەکانی ناوچەکە هاوکاری پڕۆژەکە بوون، هۆگر سەلیم، بەڕێوەبەری بەشی تەکنیکی پرۆژەکە بە 964ی وت، ” بە هاوکاری هەردوو زانکۆی زاخۆ و دهۆک ئەم پرۆژەیەمان کردووە، پێویستی بە کۆگاکردنی کارەبا نابێت، چونکە لە خابوور بەرهەمدەهێنرێت و ئاوی خابووریش بەردەوامە و راستەوخۆش کارەباکە دەدات”.

هەموو ئەو ئامێر و کەرەستانەی بۆ پرۆژەکە بەکارهاتوون، بەرهەمی ناوخۆیین، تەنیا یەک بزوێنەر نەبێت، ئیدریس ئوسمان، ئەندازیاری میکانیک بە 964 وت، “لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرهەمێکی لەو شێوەیە نییە کە لە ناوخۆی وڵاتەکە دروست کرابێت و تەنیا هی ئێمە نەبێت”.

رووباری خابووری زاخۆ، بە درێژایی 18 کیلۆمەتر لەناو سەنتەری شار تێدەپەڕێت، پێشتر هیچ سوودێکی لێ نەدەبینرا، دوای دروستکردنی پرۆژەکانی گەشتیاری لەسەر لێواری خابوور، لەم دواییەدا بۆ بەرهەمهێنانی کارەباش هەوڵی ئەوە دراوە سوودی لێ وەرگرن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

تەرمێک لە رووباری خابوور دۆزرایەوە و ماسی بەشێکی جەستە...

تەرمێک لە رووباری خابوور دۆزرایەوە و ماسی بەشێکی جەستەیان خواردووە

ڤیدیۆ: رۆبۆت بۆ پاككردنەوەی ئاوی خابوور بەكاردەهێنرێت

ڤیدیۆ: رۆبۆت بۆ پاككردنەوەی ئاوی خابوور بەكاردەهێنرێت