رێگەی گوندەکان داخراوە
درۆنێک لەسەر رێگای ئامێدی – دێرەلووك كەوتە خوارەوە
964+
هێڤی دێوالی-دهۆک
درۆنێک لەسەر رێگای سەرەکیی ناحیەی دێرەلووک بۆ ئامێدی کەوتەخوارەوە و رێگای هاتوچۆ داخراوە، ئەمەش بەهۆی مەترسیی تەقینەوەی درۆنەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە 30.9.2024 درۆنێک لە جۆری FPV لە سەنتەری گوندی بەرچی لەسەر رێگای سەرەکیی ناحیەی دێرەلوک بۆ ئامێدی و گوندەکانی دەوروبەری، کەوتووتە خوارەوە و رێگاکەی داخستووە.
چەند گرتە ڤیدیۆییەک، كە هاوڵاتییەکی گوندی گوهەرزێ بۆ 964ـی ناردووە، دەڵێت، بەهۆی کەوتنی درۆنێک نزیكەی 25 خولەكە رێگای سەرەکیی داخراوە و ئۆتۆمبێل وەستاون، بەهۆی مەترسی تەقینەوەی درۆنەكە، چونکە دەگوترێت درۆنەکە بۆمبی تێدایە.
ئەحمەد گوهەرزی، موختاری گوندی گوهەرزێ بە 964ـی وت، درۆنێک لەسەر رێگای سەرەکی بۆ گوندەکان کەوتووتە خوارەوە و زیانی گیانی نییە، تەنیا زیانی بە رێگاکە گەیاندووە و ئێستا رێگاکە داخراوە.
هێشتا دیار نییە ئەو درۆنەی كەوتووە، هی كێیە و لە چ لایەكەوە هاتووە.
هاوكات هەر ئەمڕۆ درۆنێکی دیكە لە سەنتەری کومەڵگەی کوانێ کەوتە خوارەوە، هەروەها لە ماوەی هەفتەیەكدا دوو گوللـەتۆپ لە سەنتەری گوندی گوهەرزێ کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی بە چەندین ماڵ گەیاندووە.
لە سنووری قەزای ئامێدی بە تایبەت ئەو گوندانەی سەر بە ناحیەی دێرەلووکن و دەكەونە نێوان زنجیرەی چیاكانی مەتینا و گارە، بە بەردەوامی شەڕەتەقە و بۆردومان لە نێوان پەکەکە و سوپای تورکیادا هەیە، كە زیانیان بە چەندین دۆنم زەوی و خانووی هاوڵاتیان گەیاندووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا