قەبارەی بازرگانی رووسیا و عێراق لە 2023 چەند بووە؟
بازرگانانی رووسیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن
964+
شۆڕش قادری
شاندێکی بازرگانی رووسیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەیانەوێت پەرە بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بدەن کە بە وتەی خۆیان، قەبارەی بازرگانی رووسیا و عێراق لە ساڵی 2023 نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بووە.
مەعروف هەرکی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ دووشەممە 30.9.2024 پێشوازیمان کرد لە مەکسیم مالارچوك، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی کاری رووسی – عێراقی و ئەلیکساندەر لانکچیف، راوێژکاری باڵا لە کونسوڵخانەی رووسیای فیدڕاڵ لە هەولێر”.
“لە دانیشتنێکدا کە نوێنەری چەند کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان ئامادەبوون، باس لە پەیوەندیەکانی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان کرا، هەروەها تیشكخرایە سەر پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانیەکانی نێوان هەردوولا، بەتایبەت وەبەرهێنان کردن لەلایەن وەبەرهێنەرانی رووسیا، لەو سێکتەرانەی کە هەرێمی کوردستان پێویستی پێیەتی”، مەعروف هەرکی وای وت.
وتیشی، “دەربارەی هاوردە و هەناردەکردن لە نێوان رووسیا و هەرێم گفتوگۆمان کرد کە بە وتەی شاندەکی رووسیا، قەبارەی بازرگانی نێوان ئەو وڵاتە و عێراق لە 2023 نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بووە و دەیانەوێت پەرەی پێبدەن”.
مەعروف هەرکی ئاشکراشی کرد، بۆ زیاتر ئاشنابوونی کۆمپانیا رووسییەکان بە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا لە داهاتوویەکی نزیك شاندێکی گەورەی بازرگانان، خاوەن کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی رووسیا، سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.