زیانی گیانی نەبووە
گولـلەتۆپێک کەوتە ناو حەوشەی ماڵێکی گوندی گوهەرزێ
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
گوللەتۆپێک لە حەوشەی ماڵێکی ناو گوندی گوهەرزێ لە سنووری ناحیەی دێرەلوک کەوتەخوارەوە، موختاری گوندەکەش دەڵێت، لەماوەی کەمتر لە پێنج رۆژدا دووجار گوللەتۆپ کەوتووەتە ناو سەنتەری گوندەکە و زیانی بە ژمارەیەک لە ماڵەکان گەیاندووە.
ئەمڕۆ شەممە 2024.9.28، نزیکەی کاتژمێر 5:45 ـى ئێوارەی ئەمڕۆ چەندین دەنگی بەهێز و شەڕەتەقە لە دەورووبەری گوندەکە و دەنگێکی یەکجار بەهێزیش لە ناو گوندەکە بیستراوە.
ئەحمەد سەعدوڵا، موختاری گوندی گوهەرزێ بە 964ـی وت، بۆ دووەم جار لە ماوەی کەمتر لە پێنج رۆژ گوللەتۆپ لە ناو حەوشە و باخچەی ماڵەکانی گوندەکە دەکەونە خوارەوە و زیانی زۆر بە ماڵەکان گەیاندووە.
وتیشی “کەمێک پێش ئێستا گوللەتۆپێک لە حەوشەی ماڵێکی گوندەکە کەوتەخوارەوە و زیان بە دیوار و دار و پەنجەرەکانی گەیاندووە. بەڵام زیانی گیانی نەبووە”.
گوندی گوهەرزێ یەکێکە لەو گوندانەی بەردەوام شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا لێیە و دەکەوێتە ناحیەی دێرەلوک لە سنووری قەزای ئامێدی و زیاتر لە 150 ماڵی تێدا دەژی.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن