ئەگەر بەرهەمی خۆماڵیت دەوێ فریاکەوە

عەلوەی سەیدسادق بووەتە ناوەندێک بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومی خۆماڵی 

بڕوا مەجید – سەیدسادق

عەلوەی سەوزە و میوەی سەیدسادق بووەتە ناوەندێک بۆ ساغکردنەوەی بەروبوومی خۆماڵی و بەرهەمی جوتیارانی دەشتی شارەزووری تێدا دەفرۆشرێت.

حەمەئەمین محەمەد، فرۆشیار لە عەلوەی سەیدسادق بە 964ـی وت، “بەپێچەوانەی عەلوەکانی تری کوردستان سەرجەم بەرهەمەکانمان ناوخۆیین و لە دەشتی شارەزوورە بەرهەم دەهێنرێن”.

“خواست لەسەر بەرهەمی خۆماڵی زۆرە و ئێمەش بە نرخێکی باش لە جوتیارانی دەکڕین و دواتر ساغیان دەکەینەوە و نایەڵین رەنجیان بەفیڕۆ بڕوات”، حەمەئەمین محەمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، عەلوەی سەوزە و میوەی سەیدسادق لە ناوەڕاستی دەشتی شارەزورە، بۆیە جوتیاران بەئاسانی دەتوانن بەرهەمەکانیان بگەیەنە عەلوەکە.

کاروان محەمەد کە جوتیارێکی سەیدسادقە، بە 964ـی وت، “سەرجەم جوتیارانی ناوچەکە بەرهەمەکانیان لە قەزا و ناحییەکانی چواردەوری سەیدسادقەوە دەهێنن بۆ عەلوەکە، چونکە کارئاسانی زۆریان بۆ کراوە و پێویست ناکات بڕەپارەیکی زۆر خەرج بکەن بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان ببەنە عەلوەی سلێمانی”.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری