230 هەزار تمەن لە چەند کاتژمێرێکدا

لەگەڵ تەرمەکەی نەسروڵا دۆزرایەوە تمەن داشکا

964+
ئەحمەد مستەفا

پشتڕاست بوونەوەی هەواڵی کوژرانی حەسەن نەسروڵا، بەهای تمەنی ئێرانی لە بازاڕدا داشکاند، بەجۆرێک 230 هەزار تمەن بۆ هەر 100 دۆلارییەک زیاتر بەهاکەی داشکاوە.

بەیانی ئەمڕۆ شەممە 28.9.2024، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بوو بە پێنج ملیۆن و 920 هەزار تمەن، بەڵام ئێستا کاتژمێر 3:20 خولەکی پاشنیوەڕۆ لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان، 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە شەش ملیۆن و 150 هەزار تمەنی ئێرانی.

رەوەز میرزا، خاوەن نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بە 964ی وت، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، پەیوەندی راستەوخۆی هەیە بە خراپتر بوونی دۆخی تمەن، لە راستیدا هیچ پێشبینییەکی دروست بۆ دۆخی ئابووری یان بەهای هیچ دراوێک لە دۆخی ئالۆزدا ناکرێ.

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نوسیوویەتی، چەند کاتژمێرێک دوای بۆردومانی شەوی رابردووی سوپای ئیسرائیل، ئەندامانی حزبوڵا بەیانیی ئەمڕۆ شەممە تەرمی حەسەن نەسروڵایان دۆزیوەتەوە.

حیزبوڵا لە بەیاننامەی پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی رێبەرەکەی، نەسروڵا بە مامۆستا و سەرکردە و قارەمان و ئازا و باوەڕدارێکى گەورە وێنا دەکات و دەڵێت،” دواى 30 ساڵ لە سەرکردایەتى دواجار رێگاى شەهید بوونت هەڵبژاردن و بە شوێنپێى ئیمان و پێغه‌مبه‌ران و ئیمامه‌ شه‌هیده‌كاندا رۆیشت”.

ئەوەش لە کاتێکدایە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بەیانى ئەمڕۆ شەممە بە فەرمی رایگەیاند، توانیویانە سەركردەی حزبوڵای لوبنان حەسەن نەسڕوڵا بكوژن، لەو هێرشەی كە شەوی رابردوو كردیانە سەر بارەگانی حزبەكە لە ناوچەی باشووری بەیرووت “زاحیەی جنووبی”.

حەسەن عەبدولکەریم نەسڕوڵا، لە 31ـى ئابى 1960، لە بنەماڵەیەکى شیعە مەزهەبى لەدایکبووە، لە کۆى دە منداڵ نەسڕوڵا نۆیەمین منداڵ خێزانەکەیان بووە.

حیزبوڵا کوژرانى نەسڕوڵاى راگەیاند

حیزبوڵا کوژرانى نەسڕوڵاى راگەیاند