لە یاریگەی دهۆک چی روویدا؟

كلاسیكۆی كوردستان بە سەلامەتی تێپەڕی

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

یاریی كلاسیكۆی كوردستان لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە نێوان دهۆك و هەولێر، بەبێ كێشە تیپەڕێ و هەولێر یارییەكەی بردەوە، هاندەرانی دهۆكیش جوانترین گیانی وەرزشییان نواند.

یارییەكە لە گەڕی دووەمی خولی تۆپی پێی ئەستێرەكانی عێراق، شەوی رابردوو لە یاریگەی دهۆك بە سەركەوتنی هەولێر بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر كۆتایی هات، كە هێلیۆ مۆنتێرۆی بەرگریكاری بەڕازیلی گۆڵەكەی لە خولەكی 78 تۆماری كرد.

بەم بردنەوەیە یانەی هەولێر بووە خاوەنی دووەم بردنەوە لە دوو یاریی سەرەتای ئەم وەرزە و ئێستا بە شەش خاڵ لە پلەی یەكەمی ریزبەندییە.

پێش یارییەكە وەك 964 چاودێریی كرد، شەڕی میدیایی لە نێوان میدیای هەردوو یانەدا هەبوو، پەیجی فەرمیی یانەی دهۆك بە پۆستەرێك گۆمەكەی شلەقاند و نووسیبوویان “بردنەوەی كلاسیكۆ كاری ئێمەیە”، بەڵام زۆری پێنەچوو پەیجی یانەی هەولێر بە پۆستێك وەڵامیان دایەوە و بە هەولێرییەكی خۆش نووسیبوویان، “بۆ بردنەوەی كلاسیكۆ لە دهۆكێینە”.

یارییەكە كرا و پێشبینییش نەدەكرا وا بە سەلامەتی تێپەڕێت، چونكە ژمارەیەكی زۆری هاندەرانی هەولێر چووبوونە یاریگەی دهۆك، بەڵام بە پێچەوانەی جارانی پێشوو، هیچ شەڕ و ئاژاوەیەك رووینەدا، كە ببێتە باسوخواس و لە دوای یارییەكەش، وەك بینرا، هاندەرانی دهۆك جوانترین گیانی بەرزی وەرزشییان نواند و بە چەپڵەڕێزان یاریزانانی هەولێر و جەماوەرەكەیان بەڕێكرد.

یانەی هەولێر: سکاڵامان لەسەر تۆمار نەکراوە

یانەی هەولێر: سکاڵامان لەسەر تۆمار نەکراوە