لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی 100 دۆلار بە 147 هەزار دینار بکڕە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

ئەو گەشتیارانەی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە گەشت دەکەن، دەتوانن بڕی 5 هەزار دۆلار لە فڕۆکەخانە بە نرخی 147 هەزار دینار بۆ هەر سەد دۆلارییەک بکڕن، بە مەرجێک ڤیزا و تکت و پاسپۆرتیان پێ بێت.

بڕیارەکە دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دێت لە ماوەی مانگی رابردووەوە، کە لە نێوان 157 بۆ نزیکی 170 هەزار دینار بەرونزم دەکات.

د.نەرمین مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی 964+ـی راگەیاند: ئێمە ئاگامان لە بڕیارەکە بوو، کە بۆ فڕۆکەخانەکانی تری عێراق دەرکرابوو، ئێمەش هەوڵمان دا و بڕیارەکە ئێستا فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیش دەگرێتەوە.

هەریەکە لە بانکەکانی رەشید، TBI و رافیدەین بنکەیان لە فڕۆکەخانەکان دەبێت و دۆلار دەدەن بە گەشتیاران بەو نرخەی دیاری کراوە.

“ئەوە کارئاسانی بۆ گەشتیاران دەکات، کە بە نرخی ئاسایی دۆلاریان دەست بکەوێت، هاوکات هەوڵێکی تری حکومەتی عێراقیشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری بردنەدەرەوەی دۆلار”، د.نەرمین مەعروف وای وت.