هەرچی خوێنەری دهۆکە دەیناسن

میدیازان – هێڤی – دهۆک

نزیکەی ٣٣ ساڵە خوێنەرانی دهۆک کتێبی دڵخوازی خۆیان لەم کتێبخانەیە دەدۆزنەوە، کتێبخانەیەک هێندە کۆنە هەموو خوێنەرانی شار خاوەنەکەی دەناسن.

ئەواب ئەحمەد عەبدولحەمید خاوەنی کتێبخانەکەیە، ئەو هەرکات ژمارەی خوێنەرانی دهۆک کەم یان زیاد بکات پێیدەزانێت، دەڵێت ئەم دوو مانگە فرۆشی کتێب و خوێنەر زۆر بووە.

کتێبخانەی جزیری پێشتر ئەگەر لە رۆژێکدا ١٠ کتێبی فرۆشتبێت ئەم دوو مانگە رۆژانە ٢٠ کتێب دەفرۆشێت.

لە کتێبخانەی جزیری نزیکەی ٣ هەزار کتێب بە زمانی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی فارسی و تورکی هەیە، گرانترینیان بایی ٧٥ هەزار دینارە و هەرزانترینیان بایی ٥٠٠ دینارە.

ئەواب دەڵێت، کتێبەکان لە میسر، تورکیا، ئێران، بەغداد و لوبنانەوە هاوردە دەکەن و هەندێک جاریش خۆیان لە کتێبخانە کتێب چاپ دەکەن.

ئەواب ئەحمەد خاوەندارێتی کتێبخانەکەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە. باوکی ئەواب لە ساڵی ١٩٨٩ کتێبخانەکەی دامەزراندووە و ساڵی ١٩٩٠ دەستی بە چاپ کردووە، تا ئێستا نزیکەی ٥٥٠ کتێبی چاپ کردووە.