دەڵێن دەبێت ناویان هەبێت لە بازگەکە
زیاتر لە 200 بارهەڵگر چوار رۆژە لە بازگەی تۆپزاوا رێگەیان لێگیراوە و ناتوانن بڕۆن
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
ماوەی چوار رۆژە زیاترە لە 200 بارهەڵگری سووتەمەنی لە بازگەی تۆپزاوا ماوەتنەوە و رێگەیان لێگرتوون و ناهڵێن بڕۆن بەرەو کۆیە بە بیانووی ئەوەی لە بازگە ناویان نییە و سەرچاوەیەکیش لە ئاسایشی کۆیە دەڵێت کێشەیان هەیە و مۆڵەتییان نییە بڕۆن.
ئازاد عەلی، شۆفێری یەکێک لە بارهەڵگرەکان، بە 964ـی وت، “چوار رۆژە لەو بازگەیە ماونەتەوە ناهێڵن بڕۆین دەمانەوێ بگەڕێینەوە لە بازگەی دێگەڵە رێگەمان پێنادەن و گیرمان خواردووە نازانین چی بکەین، چەندین جاریش لە رێگەی ئەو کۆمپانیایەی کاری بۆ دەکەین پەیوەندیمان کرد هەر بەڵێنمان پێدەدەن و هیچیش دیار نییە”.
ئەو شۆفێرە وتیشی، “ئێمە لێرە هیچ شوێنێکیشمان نییە لێی بوەستین، بەیانی پۆلیسی هاتوچۆ هاتووە زۆربەمانی غەرامە کردووە و رەقەمی بەشێکی سەیارەکانیشی لێکردووەتەوە بە بیانووی ئەوەی شوێنەکەمان موخالفە و سەرپێچییە”.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی کۆیە بە 964ـی وت، ژمارەیەک ناوی شۆفێر لای ئێمە کە ئیدارەی کۆیە پێیداوین، تەنها ئەوانە مۆڵەتیان هەیە بڕۆن، ئەوانی دیکە کە لە بازگەکە ماوەنەتەوە هەر یەکەو کێشەیەکی هەیە بۆیە ناتوانن لێرەوە بڕۆن.
ئەو سەرچاوەیە رەتی کردەوە هیچ بڕە پارەیەک لە بازگەکە وەرگیرابێت لە بەرامبەر ئەوەی شۆفێرەکان مۆڵەتیان پێبدرێت بڕۆن، تەنها ئەو ناوانەی کە لای ئێمە هەیە دەتوانن بڕۆن و مۆڵەتییان هەیە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی