هەڵمەتەكە بەردەوامە

رۆژانە نزیکەی 18 قوتابخانەی كەركوك پاکدەکرێنەوە

ژێوار خدر

بەشی خزمەتگوزاری لە شارەوانیی کەرکوک هەڵمەتێکییان دەستپێکردووە بۆ پاککردنەوەی قوتابخانەکانی شاری کەرکوک، بە گوێرەی راگەیاندنی شارەوانیی شارەكەش، رۆژانە نزیكەی 18 قوتابخانە پاكدەكرێنەوە.

عەدنان حەمە شکور، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانيی کەرکوک بە 964ـی وت، لە رۆژێک پێش دەستپێکردنەوەی ساڵی خوێندنی نوێوە دەستمان کردووە بە شووشتنی قوتابخانەکان لە هەموو کەرتەکانی شارەوانی، لە رۆژانی دواتریشدا هەڵمەتەکە بەردەوامیی دەبێت و ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانە و باخچە ساوایان دەشۆردرێن و خاوێن دەکرێنەوە.

وتیشی، رۆژانە لەلایەن شەش تیمی شارەوانییەوە، کە دابەش بوون بەسەر گەڕەکەکانی شارەکەدا، قوتابخانەکان و باخچەکانی ساوایان  دەشۆردرێن و خاوێن دەکرێنەوە، لە یەک رۆژدا نزیکە 18 قوتابخانە پاکدەکرێنەوە و لە دوو رۆژی سەرەتای هەڵمەتەکەشدا نزیکەی 36 قوتابخانە پاککراونەتەوە.

روونیشیکردەوە، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت تا تەواوی قوتابخانەکان پاکدەکرێنەوە و تەنیا قوتابخانەکانی سەنتەری کەرکوک دەگرێتەوە.