بومەلەرزەکەی ورمێ: سێ گیانلەدەستدان و زیاتر لە 600 بریندار

هاوبەش ئەبوبەکر

ژمارەی قوربانیانی بومەلەرزەکەی ورمێ لە رۆژهەلاتی کوردستان گەیشتە زیاتر لە 650 کەس و زیان بە 70 گوندی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.

بەپێی دوایین ئامار، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 650 کەسیش بریندار بوون، کە زۆبەیان حاڵەتی شۆکبوون و ترسانیان بەسەرهاتووە.

بومەلەرزەکە شەوی رابردوو بە گوڕی 5.9 پلە بە پێوەری رێختەر و بە قوڵی حەوت کیلۆمەتر لە شاری خوی لە پارێزگای ورمێ روویدا و لە باکوری کوردستانیش ھەست بە بوومەلەزەکە کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، محەمەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، لە بومەلەزەکەی شەوی رابردوو سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدا 20 بۆ 50ی خانووەکانی گوندەکانی ئەو ناوچەیە زیانیان پێگەیشتووە.

وتیشی، 30 کەس لە بریندارانی بومەلەزرەکە لە نەخۆشخانەی خوی خەوێنراون و 34ی تریش رەوانەی ناوەندە تەندروستییەکانی سەڵماس کراون.

بە وتەی فەرزین رەزا زادە، بەرپرسی فریاکەوتنی خێرای زانکۆی پزیشکیی ورمێ، سێ کەس لە بوومەلەرزەکەدا گیانیان لەدەستداوە.

جگە لە زیانە گیانییەکان، بومەلەرزەکە زیانی بە ژمارەیەک خانووبەرە لە 70 گوند گەیاندووە و کارەبای 20 گوندیش پچڕاوە.