هەولێر پێش باران فەرەنجی لەبەر دەكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە ئامادەکاریى بۆ وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ لە دیوانی پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا و لە ئێستاوە ئامادەكاری بۆ ئەگەری لافاو دەكرێت.
كۆبوونەوەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 19.9.2024 بە سەرپەرشتى پارێزگارى هەولێر ئومێد خۆشناو ئەنجامدرا.
لە كۆبوونەوەكەدا بەرپرسە ئیدارییەكانی هەولێر بەشداربوون و باس لە ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێی بارانبارین كرا.
بە گوێرەی راگەیاندراوی پارێزگا، لە لایەن پارێزگاری هەولێرەوە سەرجەم فەرمانگەكان راسپێردران بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ و پێویست و ئامادەكاری، زیاتر بە مەبەستی رێگریكردن لە هەر حاڵەتێکى نەخوازراو و چارەسەركردنی ئەو خاڵە لاوازانەی، کە دەبنە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەى ئاوی زیادە.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، بڕیار لە بارەى دابینكردنی بودجەیەكی پێویست و دووبارە پاککردنەوەى چەپەرەکانی ئاووەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان لە شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی شارى هەولێر و کەند و رێڕەوى سروشتى ئاوى باران و دروستكردنی تیمی فریاگوزاریی درا.