زیانی گیانی نەبووە
درۆنێک لە گوندێکی دێرەلوک کەوتەخوارەوە
964+
ژووری هەواڵ
درۆنێک لەناو گوندی سەرگەڵێ لە سنووری ناحیەی دێرەلوک کەوتەخوارەوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش لە سنووری قەزای ئامێدی دەڵێت، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18.9.2024، هاوڵاتیەکی گوندی سەرگەڵێ ڤیدیۆیەک بۆ 964 ناردووە و دەڵێت، کەمێک پێش ئێستا لەنزیک کاتژمێر 9:30 خەڵکی گوندەکە گوێیان لە دەنگێکی بەرز و تەقە بووە و دوای ئەوە درۆنێکیش کەوتوەتە خوارەوە لەناو گوندەکەدا، وەکو لە ڤیدیۆکەشدا دەردەکەوێت درۆنێک لەدەستی کەسێکدایە.
هەیوار ستار، هاوڵاتی گوندی سەرگەلێ بە 964ـی وت، “گوێمان لە دەنگێکی بەرز بوو لە دەرەوە و لە ماڵ چوینە دەر بینیمان درۆنێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ناو گوندەکەمان کەوتبووە خوارەوە”.
وتیشی، بۆردومانەکە چەند رۆژێکە لە دەوروبەری گوندەکەیان بەردەوامە، بەڵام ئەمجارە گولەتۆپێک کەوتووەتە ناو گوندەکە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
سەرچاوەییەکی ئەمنی لە سنووری قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، نزیکەی 20 رۆژە بەبەردەوامی لە سنووری ناحیەی دێرەلوک لە گوندەکانی گوهەرزێ و سەرگەڵێ و بلاڤە و زنجیرە چیایی مەتینا و گارە بەبەردەوامی لەلایەن فرۆکەکانی جەنگی تورکیاوە بۆردومان دەکرێن.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، کەمێک پێش ئێستا درۆنێک لەناو گوندی سەرگەڵێ کەوتووەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەڵام نزیکەی مانگێکە هیچ گولەتۆپێک نەکەوتۆتە ناو گوندەکانی سنووری ناحیەی دێرەلوک.
پێداچوونەوە: هاوبەش